ئاهەنگەکانی جەژنی ئەکیتۆ و سەری ساڵی بابلی - ئاشووری هەڵوەشێندرانەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بارودۆخی نالەباری ناوچەکە و کاریگەرییەکانی شەڕ، قایمقامی دهۆک گوتی، سەرجەم ئاهەنگ و چالاکییە گشتییەکانی تایبەت بە سەری ساڵی نوێی بابلی - ئاشووری (6776) و جەژنەکانی ئەکیتۆ لە هەموو شوێنێک هەڵوەشاوەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەلایەن لێژنەی باڵای ئاهەنگەکانی نیسانی کلدان و ئاشوورییەکان هەموو ئاهەنگەکانی سەری ساڵی بابلی، کە لە هەموو شوێنێک و بەتایبەتی دهۆک بەڕێوەدەچوون، بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر عێراق و لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی کلدانی، سریانی و ئاشووری، هەڵوەشێندراونەتەوە".
 
قایمقامی دهۆک داوا لە هاونیشتمانییانی مەسیحی دەکات، بۆ سەلامەتیی گیانی خۆیان و هەموو لایەک پابەندی بڕیارەکە بن.
 
هاوکات لێژنەی باڵای ئاهەنگەکانی نیسانی کلدان و ئاشوورییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، ئەو ئاهەنگانەی بڕیاربوو لە نێوان 1 تاوەکو 12ـی نیسانی 2026 لە سەرتاسەری نیشتمان بەڕێوەبچن، بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر عێراق، هەروەها لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گشتیی گەلی کلدانی، سریانی و ئاشووری، هەڵوەشێندراونەتەوە.
 
لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە هاونیشتمانییانی کریستیان کراوە، بۆ زیندووڕاگرتنی نەریتە نەتەوەییەکان، یادەکە بە شێوەیەکی سنووردار لەنێو خێزان و لە ماڵ و گوند و گەڕەکەکاندا بکەنەوە و خۆیان لە کۆبوونەوەی گەورە بەدوور بگرن، بۆ ئەوەی "رۆحی نیسان کە هێمای نوێبوونەوە و ئازادییە، بە بەردەوامی بمێنێتەوە."
 
جەژنی ئەکیتۆ، یان جەژنی سەری ساڵی بابلی- ئاشووری، ساڵانە لە یەکەمین رۆژی مانگی نیسانەوە دەستپێدەکات و 12 رۆژ دەخایێنێت. ئەم جەژنە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ـەوە بە فەرمی دەکرێتەوە و جگە لە چالاکییە کولتوورییەکان، هاوشێوەی جەژنی نەورۆز گەشت و سەیرانی تێدا ئەنجام دەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سۆشیاڵ میدیای رووداو رکابەری نییە

رووماڵی رووداو یەکەمە و ئەم مانگە نزیکەی 4 ملیار بینەری هەبووە

رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵمیدیا 3.72 ملیار بینەری تێپەڕاندووە و ریکۆردێکی نوێی لەسەر ئاستی میدیای کوردستان، عێراق و ناوچەکە تۆمارکردووە.