کەشتییەک کە نەوتی عێراقی بارکردبوو لە نێوان عوممان و ئێران دەستی بەسەردا گیرا

11-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کەشتییەکی یۆنانی کە نەوتی عێراقی بارکردبوو، لە نێوان عوممان و ئێران لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەستی بەسەردا گیرا و بەرەو ئێران بردرا. کەشتییەکە نەوتەکەی لە بەسرە بارکردبوو و بەرەو تورکیا بەڕێکەوتبوو.
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-1-2024، ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی شانشینی یەکگرتووی سوپای بەریتانیا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ بەیانی کەشتییەکی بارهەڵگری نەوت لە نێوان عوممان و ئێران لە نزیک گەرووی هورمز لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە کە جلی سەربازییان پۆشیوە دەستی بەسەردا گیراوە."
 
بە گوێرەی ئەو راگەیێندراوە، "کەشتییەکە نەوتی عێراقی لە بەسرەوە بارکردبوو و بەرەو تورکیا بەڕێوەبوو."
 
کۆمپانیای ئامبرێی تایبەت بە ئاسایشی دەریایی رایگەیاند، "چوار بۆ پێنج کەس چوونەتە سەر کەشتییەکە. 19 کەشتیوانی فلیپینی و کەشتیوانێکی یۆنانی لەسەر بارهەڵگرەکەن."
 
چەند وێنەیەکی مانگی دەستکرد ئاشکرایان کردووە کەشتییەکە دوای ئەوەی دەستی بەسەردا گیراوە بەرەو بەندەری جاسک لە ئێران براوە.
 
کەشتییەکە ناوی سەینت نیکۆلاسە و پێشتر ناوی سوێز راجان بووە و لەلایەن کۆمپانیای ئێمپایەر ناڤیگەیشنی یۆنانییەوە خاوەندارێتیی دەکرێت.
 
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە پەیوەندییان لەگەڵ کەشتیوانەکان نەماوە.
 
ماوەیەکە رووداوی هێرشکردنە سەر کەشتی زیادیکردووە بەتایبەت دوای ئەوەی حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، گومان لە هەر کەشتییەک بکەن لە دەریای سوور یارمەتیی ئیسرائیل بدات هێرشی دەکەنە سەر ئەمەش وەک "هاوسۆزییەکە بۆ فەلەستین."
 
رۆژی 19-11-2023، حووسییەکانی یەمەن یەکەم هێرشیان کردە سەر کەشتییەک بەناوی "گالاکسی لیدەر" و 25 کەسیان لەسەر کەشتییەکە رفاندن.
 
لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکان، دوای مانگێک ئەمریکا لەگەڵ 20 وڵات هاوپەیمانێتییەکی بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریای سوور دژی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان راگەیاند.
 
لە نوێترین هێرشدا، حووسییەکانی یەمەن دوێنێ (چوارشەممە) بە 18 درۆن هێرشیانکردە سەر کەشتییەکی ئەمریکی.
 
کۆشکی سپی رایگەیاند، هەموو درۆنەکان بە هاوبەشیی بەریتانیا خرانە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو.
 
گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لەڕێگەی میدیای وڵاتەکەیەوە هۆشدارییەکی تووندی دایە حووسییەکانی یەمەن و گوتی، "ئەمە گەورەترین هێرش بوو بکرێتە سەرمان. ئیدی بەسە."
 
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان لە ئێکس بڵاویکردەوە، "هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی یەمەن بە هاوبەشی ئۆپەراسیۆنێکیان کرد و چەندین مووشەکی بالیستی، مووشەکی دەریایی و درۆنیان ئاراستەی کەشتییەکی ئەمریکی کرد، کە یارمەتیی ئیسرائیلی دەدا."
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لەوەتەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، حووسییەکانی یەمەن زیاتر لە 100 مووشەک و درۆنیان ئاراستەی چەند کەشتییەکی دەریای سوور کردووە.
 
حووسییەکانی یەمەن ساڵی 2014 سەنعای پایتەختی یەمەنیان گرت و خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" دەناسێنن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە