بەرگریی شارستانی: پار 68 کەس لە ئاودا خنکاون

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ئاماری رووداوەکانی ساڵی رابردووی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 12 هەزار رووداو روویانداوە و 85 کەسیش گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرینەیان بەهۆی خنکانەوە بووە لە ئاودا.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-01-2026، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر ئاماری رووداوەکانی ساڵی 2025ـی خستەڕوو.
 
بەپێی ئامارەکە، ساڵی رابردوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 12 هەزار و 345 رووداوی جۆراوجۆر روویانداوە، کە پشکی شێر بەر رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە دەکەوێت بە 9 هەزار و 402 رووداو.
 
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، سەرکەوت کاڕەش رایگەیاند، ساڵی 2025 لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 85 کەس لە رووداوەکاندا گیانیان لەدەستداوە کە "بەداخەوە بەراورد بە ساڵی 2024 ژمارەکە زیادی کردووە."
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی گوتی: "لەو ژمارەیە 68 کەسیان لە ئاودا خنکاون، کە 26ـیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون." هەروەها دوو کەسیش بەهۆی دووکەڵەوە خنکاون.
 
لەبارەی زیانی تیمەکانی خۆیانەوە، کاڕەش ئاشکرای کرد، دوو کارمەندی بەرگریی شارستانی گیانیان لەدەستداوە و لەکاتی رزگارکردنی خەڵک و کۆنترۆڵکردنی رووداوەکاندا، 18 ئەفسەر و کارمەندی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، ساڵی رابردوو 508 رووداوی لافاو لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و تیمەکان توانیویانە هەزار و 126 کەس لە رووداوە جیاوازەکاندا رزگار بکەن.
 
سەرکەوت کاڕەش ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە ژمارەی قوربانیان زیادی کردووە، بەڵام بەگشتی ژمارەی رووداوەکانی پار بەراورد بە ساڵی 2024 کەمتر بووە؛ بەو پێیەی ساڵی 2024 زیاتر لە 13 هەزار و 850 رووداوی جۆراوجۆر تۆمار کرابوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە