رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی وەرتێی سنووری قەزای رواندز، ئۆتۆمبێلێک لە خوشک و برایەکی دا و هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.
ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو دەڵێت، منداڵەکان تاقانەی ماڵەوەیان بوون و لەکاتی گەڕانەوە لە قوتابخانە، ئۆتۆمبێلێک لێیدان و شۆفێرەکە هەڵاتووە.
پەیامنێری رووداو لە سۆران رایگەیاند، رووداوەکە لەسەر شەقامی سەرەکیی گوندی "سەرنەوس" لە ناحیەی وەرتێ روویداوە.
هاوکات، دکتۆر بەرەڤان سەباح، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەرمی دوو منداڵەکە گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەمان".
لە رێگەی سۆران-راپەڕین ئۆتۆمبێلێک لە خوشک و برایەکی دا و پێکەوە گیانیان لەدەستدا: لە قوتابخانە دەگەڕانەوە. pic.twitter.com/AX8tVvky6c
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 11, 2026
ناو و تەمەنی منداڵەکان: زەریا زریان عەبدولڕەحمان، تەمەن 9 ساڵ. هەناسە زەریا زریان عەبدولڕەحمان، تەمەن 7 ساڵ.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو دوو خوشک و برایە تەنیا منداڵی خێزانەکەیان بوون. دوای رووداوەکە شۆفێرەکە هەڵهاتووە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنی رووداوەکە بەجێهێشتووە و پۆلیس لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکردووە.
دوای رێکارە یاساییەکان لە پزیشکی دادی سۆران، تەرمی منداڵەکان رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە و بڕیارە لە گوندەکەی خۆیان بە خاک بسپێردرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ