رووداو دیجیتاڵ
مازن گەنجێکی هەولێرە و دەرچووی پەرستارییە، لەڕێگەی سیستمی ئۆنلاینی هەلی کارەوە ناوی نووسیوە بۆ دۆزینەوەی کار، پاشان چووەتە بەڕێوەبەرایەتیی کار لە هەولێر و چاوپێکەوتنی لەگەڵدا دەکەن بۆ چەند دەرفەتێکی کار.
مازن جەوهەر لەبارەی چاوپێکەوتنەکەی بۆ دەستکەونی هەلی کار بە رووداوی گوت، "هاتم لە چاوپێکەوتنەکە لێیان پرسیم کە تەنیا لە بەشەکەی خۆم کار دەکەم یان ئەگەر بەشێکی دیکەش هەبێت کاری تێدا دەکەم، من گوتم 'تەنیا لە بەشەکەی خۆمدا کار دەکەم،' ئیدی لە ماوی هەفتەیەکدا بانگیان کردم بۆ چاوپێکەوتن."
www.evtc-krg.org ناونیشانی پۆرتاڵی هەلی کارە و 24 کاژێر کارایە بۆ ئەو کەسانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن. بە هەر ئاستێک لە خوێندەواری و بڕوانامە. دوای ناونووسی لەو سایتەدا بەپێی ئەو هەلی کارانەی کە کەرتی تایبەت هاوئاهەنگی کردووە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەلی کار، بانگهێشت دەکرێن بۆ چاوپێکەوتنی کار.
تارق حازم، بەرپرسی کرێکاری خۆماڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی کاری هەولێر دەڵێت، "ئەوانەی کە دێن بۆ ئێرە هەم لە رێگەی ئۆنلاین و هەم لێرە داوای کار دەکەن و لێرە بەپێ حەز و تواناکانیان کاریان بۆ دەدۆزینەوە، ئێمە لەگەڵ کەرتی تایبەت کار دەکەین بۆ دۆزینەوەی هەلی کار."
لەلای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی 95 هەزار کەس ناوی خۆیان وەکو بێکار تۆمارکردووە. ساڵانە نزیکەی 24 هەزار هێزی کار لە زانکۆ و پەیمانگەکانەوە دێنە بازاڕی کارەوە. پۆرتاڵی هەلی کار بۆ گەیاندنی خێرای دەستی کارە بۆ خاوەن کارەکان لە کەرتی تایبەت.
کارزان عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاری هەولێر رایگەیاند، "ئەم سیستمە ئاسانکارییە بۆ ئەو کرێکارانەی کەوا بێکارن، ئەو کرێکارانەی کە لە ماڵەوەن دەتوانن سەردانی سایتەکە بکەن و ئیتر نەیەنە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان و بەپێی حەز و تواناکانیان داوای کار بکەن و ئێمەش پەیوەندییان لەگەڵ کەرتی تایبەت بۆ دروست دەکەین بۆ دەستخستنی هەلی کار."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، نزیکەی 60%ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایە کە پێی دەگوترێت هێزی کار. بەپێی راپۆرتێکی دەزگای روانگە هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 50 هەزار هەلی کاری نوێیە. 30 هەزار کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان هەن کە 4 هەزاریان بیانین. بەپێی دوایین ئاماری ساڵی رابردوو، رێژەی بێکاری نزیکەی 12٪ـەیە کە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2019 نزیکەی 2٪ زیادیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ