رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەڵێن، لە شەڕی شەوی رابردوو حکومەتی دیمەشق دەستپێشخەر بووە. ئاماژە بەوەش دەکەن، "ئەگەری دووبارەبوونەوەی شەڕ و کۆمەڵکوژی هەیە و رێگەش نادرێ کەس بێتە گەڕەکەکانمانەوە و گەمارۆ دراوین."
دوای پێکدادانەکانی شەوی دووشەممەی نێوان هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی سووریا و ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب کە کوردن و لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان، وەزارەتی ناوخۆی سووریا هێزە کوردییەکانی تۆمەتبار کرد. رۆژی سێشەممە هەردوو هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکە کوردییەکان بە رووداویان گوت: "دەستپێشخەری شەڕ؛ حکومەتی سووریا بووە."
نووری شێخۆ: ئەگەری کۆمەڵکوژکردنمان هەیە
نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەی حکومەتی سووریا لەگەڵ گەڕەکەکانی ئێمە نوێ نییە و ئەوەی دوێنێ روویدا درێژکراوەی ئاڵۆزییەکانی رابردووە."
بە گوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، لە ئاڵۆزییەکانی شەوی دووشەممە، 22ـی ئەم مانگە ژنێک گیانی لەدەستداوە و 19 سڤیلی دیکەش بریندار بوون.
نووری شێخۆ گوتی: "ئەو شەڕەی دوێنێ رێککەوت نەبووە و ئامادەکاریی بۆ کرابوو، سەرەتا هێرشی میدیاییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دژی گەڕەکەکان دەستپێکرد، گەڕەکەکانیان وەکو نەیار و مەترسی پیشان دەدا و دەیانگوت شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بۆ دەوڵەتی سووریا زۆر مەترسیدارن."
ئەو هاوسەرۆکە گوتی: "پێش شەڕەکە درۆنی دەوڵەت یان ئەو گرووپانەی پەیوەندییان بە تورکیاوە هەبوو بەسەر گەڕەکەکاندا دەسووڕانەوە، رۆژێک نییە درۆن بە ئاسمانی ئەو گەڕەکانەدا نەسووڕێتەوە، ئێمە پێمانوایە بۆ هێرشەکە پەیوەندیی و هاوئاهەنگی تەواو لەنێوان هێزەکانی دیمەشق و تورکیادا هەبووە."
نووری شێخۆ دەڵێ: "پێش هێرشەکە کارەبای گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەیان بڕی، ئەویش بەو ئامانجەی کە گەڕەکەکەیان داگیرکرد کۆمەڵکوژی بکەن و ئەوەی دەیانەوێت بیکەن و بەدەستیبهێنن."
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە جەخت دەکاتەوە، هێرشەکە "بۆ داگیرکردنی هەردوو گەڕەکەکە بوو"، بەڵام ئاسایشی گەڕەکەکان بە تووندی وەڵامیان داونەتەوە.
شێخۆ گوتی: "هێرشەکە زۆر سەخت بوو، چەکەکان بەشێوەیەک بوون وەکو ئەوەی دژی دەوڵەتێک شەڕ بکرێ، تانکیان بەکارهێنا، لە بەرامبەر ئەوەدا ئاسایشی گەڕەکەکان نزیکەی پێنج کاژێر بەرگرییان کرد بە هاوکاری خەڵکی گەڕەکەکە بەرخۆدانی مێژوویی کرا و هێرشەکە شکستی هێنا."
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەڵێت: "هێزەکانی دەوڵەت لە شەڕەکە شکان، ئاگربەست راگەیێندرا بۆ ئەوەی گفتوگۆ پێش بکەوێ، بەڵام ئێستاش ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ هەیە، چونکە ئەوان پابەندی بەڵێنەکانیان نابن و تاوەکو ئەمڕۆ رێککەوتنی مانگی ئازاریشیان جێبەجێ نەکردووە."
نووری شێخۆ باسی دۆخی ئێستای ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینەی حەلەبی کرد و گوتی: "ئێستاش بەشێوەیەکی دیکە گەمارۆدانی شێخ مەقسوود بەردەوامە، هەرکەس بچێتە دەرەوەی ئاساییە، بەڵام رێگە نادرێت کەس بێتەوە ناو گەڕەکەکە، ئەگەری هێرشی دیکە هەیە و داواکارین رای گشتیی لەسەرهێڵ بن، چونکە شەڕ ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە و ئەگەری کۆمەڵکوژیش هەیە، ئێمەش بە هەمووی ئەو توانایەی هەمانە بەردخۆدان دەکەین".
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ پارێزگاری حەلەب گوتوویەتی لە گەڕەکەکانەوە هێرش کراوە، "بەڵام ئەوە هیچ راست نییە، هیچ بەرژەوەندییەک بۆ ئێمە نییە تاوەکو هێرش بکەین".
هێڤین سلێمان: هێرشەکە بەڕێککەوت نەبووە
هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکەکەی دیکەی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەبە و باسی ئاڵۆزییەکانی دوێنێی سنوورەکەی کرد و رایگەیاند، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق "دەستپێشخەر بوون" بۆ شەڕەکە.
هێڤین سلێمان رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرەتا گرووپە چەکدارەکانی حکومەت هێرشیان کردە سەر خاڵێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دوو ئەندامی هێزەکەیان بریندار کرد، دواتر شەڕەکە فراوان بوو".
بە گوتەی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، "هێزەکانی حکومەتی سووریا تانک و جۆرەها چەکی قورسیان دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامداوە و بەهۆیەوە ژنێکی تەمەن 40 بۆ 45 ساڵ و 19 کەسی دیکە بریندار بوون، کە منداڵی حەوت ساڵانیان تێدایە".
هێڤین سلێمان ئاماژەی بەوە کرد، شەڕەکەی دوێنێی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بە رێککەوت نەبووە و ئامادەکاریی پێشوەختەی بۆ کراوە. گوتیشی: "ئەم هێرشە پەیوەندیی بە سەردانی دوێنێی شاندی تورکیا بۆ دیمەشق هەیە؛ لە چوارچێوەی ئەو کۆبوونەوەیەدا ئەم هێرشە کرا؛ چەند رۆژێک پێش هێرشەکەش، درۆنەکانی هەواڵگریی سوپای دیمەشق بەسەر گەڕەکەکەدا دەسوڕانەوە و ئامادەکارییان بۆ هێرش دەکرد".
سەربارەت بە دۆخی ئێستای ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینەی حەلەب، هاوسەرۆکی گەڕەکەکان گوتی، "هێرشەکان تاوەکو نیوەشەو بەردەوام بوون، دواتر ئاگربەست راگەیێندرا."
بە گوتەی هێڤین سلێمان، ئاگربەست لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکان و حکومەتی دیمەشق واژۆکراوە و ئێستا بێدەنگی لەسەر سنوورەکە بەدیدەکرێت.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە روونکردنەوەیەک دا شەوی رابردوو رایگەیاند: "هێزەکانی هەسەدە لە حەلەب، سەرەڕای رێککەوتنەکان، ستەمیان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد کە لە بازگە هاوبەشەکان بوون و بەشێوەیەکی لەناکاو کشانەوە و تەقەیان لە بازگەکان کرد."
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بەهۆی تەقەی هێزەکانی هەسەدەوە ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سەربازێکی سوپا بریندار بوون، هەروەها ژمارەیەک بریندار لە ریزەکانی بەرگریی شارستانی و هاووڵاتییانی مەدەنی هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ