سێیەم برینداری تەقینەوەکەی بۆکان گیانی لەدەستدا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بریندارێکی دیکەی تەقینەوەکەی بۆکان گیانی لە دەستدا.

سێشەممە، 23ی کانوونی یەکەمی 2025، هاونیشتمانییەک لە شاری بۆکان بە رووداوی راگەیاند: "بریندارێکی دیکەی تەقینەوەکەی بۆکان بە ناوی نگین حوسێن پوور، لە تەقینەوەی شەوی رۆژی چوارشەممە لە بۆکان بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا."
 
ئەمە سێیەم کەسە بەهۆی رووداوەکەوە گیان لەدەست بدات. شەوی چوارشەممەی 17ی کانوونی یەکەمی 2025 بەهۆی تەقینەوەی یاریی ئاگرین لە ماڵێکدا، چوار ئەندامی خێزانێک کە دایک و باوک و دوو کچ بوون، بە سەختی برینداربوون.
 
یەکێک لە بریندارەکان بە ناوی سادق حوسێن پوور تەمەن 44 ساڵ و باوکی خێزانەکە، رۆژی هەینی 19-12-2025 بە هۆی سەختی برینەکەی گیانی لە دەستدا.
 
رۆژی یەکشەممە 21-12-2025، بەیان حوسێن پوور تەمەن 40 ساڵ و دایکی خێزانەکە گیانی لە دەستدا.
 
لەباری دۆخی تەندروستیی کچە بریندارەکە ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی راگەیاند: "تەندروستی نازیلا حوسێن پوور تەمەن 13 ساڵ کە بە هۆی تەقینەوەکە برینداربووه جێگیر نییە و لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکی دایە".
 
شەوی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو لە گەڕەکی کەمەربەندیی شاری بۆکان یاریی ئاگرین لە ماڵێکدا تەقییەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 80٪ـی باڵەخانەکە داڕما.

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە