ئەم ساڵ تەنیا 7 بەشەخۆراک دابەشکراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خەریکە ساڵی 2025 تەواو دەبێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا حەوت بەشەخۆراکی مانگانە دابەشکراوە. بەڕێوەبەرانی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی و هەولێر دەڵێن: "خۆراک هەیە بۆ ئەم ساڵ بەشێکی دیکە دابەش دەکرێت".
 
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشەخۆراکی سێ مانگمان لە کۆگە ئامادەیە جگە لە رۆنی شل کە کەمیی هەیە، بەڵام فەرمانی دابەشکردنمان بۆ نەهاتووە".
 
پار لە 12 مانگدا تەنیا 10 بەشەخۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابەشکرا.
 
بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت: "ئەم ساڵ بەشێکی دیکە دابەش دەکرێ، بۆ دابەشکردنیش پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی فەرمانی دابەشکردنن لە بەغداوە، کە تاوەکو ئەمڕۆ نەدراوە".
 
کامەران فەتاح گوتی: "ساڵانە دابەشکردن کەمترە لە 12 مانگ، ئەوەش لە بەسڕەوە بۆ زاخۆ وایە و پلانی حکومەتی عێراق خۆیەتی بەبێ ئەوەی هۆکارەکە بە فەرمی بە ئێمەش بڵێن".
 
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەشی هەشتەمی خۆراک ئامادەیە و چاوەڕێی فەرمانی دابەشکردنین".
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر گوتی: "ئەم ساڵ هەشت بەش دابەش دەکرێ و ئەوەش لە بەغداوە دیاریکراوە بۆ هەموو عێراق".
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی ئاگادار بە رووداوی گوت: "حکومەتی عێراق ساڵانە بڕە بودجەیەک بۆ بەشەخۆراکی مانگانە دیاری دەکات کە زۆر جار بەشی 12 مانگ ناکات، پێدەچێ ئەو پارەیەی تەرخانکراوە هەر بەشی ئەوەی کردبێ کە ئەم ساڵ هەشت بەش دابەش بکرێت".
 
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە