رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، بەرەوپێشچوونی نوێ لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و بەندەری فاو هەن و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکە، دیزاینی هێڵی شەمەندەفەری پڕۆژەکە 87% و رێگەی خێراش 73%ی تەواو بووە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش ئاشکرای دەکات، رێگەی گەشەپێدان دەتوانێت ملیۆنێک و 700 هەزار هەلی کار بڕەخسێنێت.
رۆژی سێشەممە، 23-12-2025، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، وەزارەتەکەیان هەنگاوی گەورەی لە کارە هونەری و دیزاینەکانی رێگەی گەشەپێدان بڕیوە. جگە لە تەواوبوونی بەشێکی زۆری دیزاینەکان، مۆدێلی ئابووریی پڕۆژەکە و ستراتیژییەکی گشتگیر کە لەلایەن کۆمپانیای (ئۆلیڤەر وایمان)ـەوە ئامادەکرابوو، پەسند کراون.
بە گوێرەی وەزارەتەکە، کارەکانی دیزاینی سەرەتایی و کۆتایی هێڵی شەمەندەفەر 87٪ و دیزاینی رێگەی خێراش 73٪ تەواو بووە.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامانجی پڕۆژەکە گۆڕینی ئابووریی عێراقە لە ئابوورییەکی پشتبەستوو بە نەوت بۆ ئابوورییەکی هەمەچەشن. پێشبینیش دەکرێت رێگەی گەشەپێدان و پڕۆژە هاوبەشەکانی، 100 هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش لەڕێگەی وەبەرهێنانەکانی پەیوەست بە پڕۆژەکە ملیۆنێک و 600 هەزار هەلی کار بۆ گەنجانی وڵات بڕەخسێنن."
سەبارەت بە بەندەری گەورەی فاو، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە گوتی، "پێنج پڕۆژەی ژێرخانی بەندەرەکە گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی، کە ئەوانیش رێڕەوی کاناڵ بەڕێژەی 100٪، سەکۆکانی بەندەرەکە 100٪، رێگەی پێکەوەبەستنەوەی بەندەر و رێگەی سەرەکی 100٪، گۆڕەپانی کۆنتێنەرەکان 97٪ و تونێلەکانی ژێرئاویش کارەکانیان لە کۆتاییدایە."
مەیسەم سافی ئاشکرای کرد، "لە داهاتوویەکی نزیکدا شارێکی گەورەی پیشەسازی لە فاو دروست دەکرێت، کە چەندین دەرفەتی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، بازرگانی، گەشتیاری و خزمەتگوزاری دروست دەکات."
رێگەی گەشەپێدان 1187 کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەری فاو لە بەسرە دەستپێدەکات تاوەکو دەچێتە سنووری باکووری کوردستان و تورکیا.
تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە و حکومەتی عێراق دەیەوێت هاوتەریب لەگەڵ هێڵەکە، بۆریی گواستنەوەی وزەی هەبێت و ساڵی 2050 تەواو دەبێت؛ پێشبینی دەکرێت ساڵانە داهاتەکەی بگاتە 4 ملیار دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ