رووداو دیجیتاڵ
لە سبەی دووشەممەوە کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی هەولێر – خەبات دەکەوێتە کار. بڕیارە لە 20ـی مانگیشەوە کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی شێخان – رۆڤیا بکەونە کار.
بەگوێرەی راگەیێندراوی هاتووچۆی دهۆک، لە 20ـی ئەم مانگەوە کامێراکانی چاودێری تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی قەزای شێخان و ناحیەی رۆڤیا دەکەونە کار.
هاتووچۆی هەولێریش دەڵێت، لە سبەیەوە کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ لەنێوان هەولێر و قەزای خەبات دەکەونە کار.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە دوێنێوە کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی شەقڵاوە – قەندیل کە دەکەوێتە نێوان قەزاکانی شەقڵاوە و ئاکرێ کەوتوونەتە کار.
خێرایی رێگەپێدراو لەو رێگەیانەدا بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت 100 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و بۆ بارهەڵگریش 80 کیلۆمەتر.
لە قەزای سۆرانیش لە 9ی ئەم مانگەوە کامێراکانی چاودێریی خێرایی جێگیر بەرامبەر نەخۆشخانەی ئاشتی و نەخۆشخانەی لەدایکبوون کەوتوونەتەکار.
لە ساڵی رابردووەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان چەندین کامێرای چاودێریی خێرایی تیژڕۆیی نوێی لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک داناوە.
کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی تیژڕۆیی چەند جۆرێکن، لەوانە خاڵ بۆ خاڵ، کامێرای جێگیر کە لە یەک خاڵدا خێرایی تۆمار دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جۆری کامێرا هەن کە گەڕۆکن و پۆلیس و ئەفسەرانی هاتووچۆ هەر جارەو لە رێگەیەکدا دایدەنێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دانانی کامێراکان بۆ بەرژەوەندیی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە. هاونیشتمانیانیش نیگەرانن لە بەرزی نرخی سزای سەرپێچییەکان، کە لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 230 هەزار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ