رووداو دیجیتاڵ
پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە، سزای زیندانیکردنی بەسەر عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وان ـدا سەپاند.
کاژێر 09:00ـی ئەمڕۆ (سێشەممە، 11ـی شوباتی 2025) دانیشتنی دادگەییکردنی عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی وان، لە پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد دەستیپێکرد کە بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی بە مەبەستی رێکخراوی تیرۆریستی" و، "بانگەشەکردن بۆ تیرۆر لە خۆپیشاندانەکان دا" درابووە دادگە.
عەبدوڵڵا زەیدان ئامادەی دانیشتنەکەی دادگە نەبوو. محەممەد ئەمین ئەکتاری، پارێزەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد، بە تۆمەتی یارمەتیدانی رێکخراو، سزای سێ ساڵ و 9 مانگ زیندانیکردنی بەسەر عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی وان ـدا سەپاند".
ئاکتار دەڵێ، لەبەرئەوەی عەبدوڵڵا زەیدان لە چوارچێوەی هەمان بڕیاردا کە لەلایەن دادگەی باڵاوە هەڵوەشێنرابووەوە 5 ساڵ و دوو مانگ لە زینداندا مابووەوە، جارێکی دیکە ناچێتەوە زیندان.
ئاکتار سەبارەت بە ئەگەری دانانی قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی وان گوتی، "کردەوەیەکی یاسایی نییە و بەپێی یاسا ناتوانن قەییوم بۆ گەورەشارەوانی وان دابنێن.، بەڵام لەبەرئەوەی بڕیارێکی سیاسییە، من ناتوانم هیچ شتێک لەو بارەیەوە بڵێم."
عەبدوڵڵا زەیدان رۆژی 4ـی تشرینی یەکەمی 2015 لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانتارانی هەدەپە، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کۆڵان بەکۆڵانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە لە بەشێکی شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان، کە بە شەڕی "خەندەق" ناسرابوو، چووە بارەگایەکی سەربازی لە ناوچەی گەڤەر لە جۆلەمێرگ.
ئامانج لەم چالاکییەی هەدەپە بۆ ئەوە بوو خۆیان بکەنە قەڵخان لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، بەڵام بە تۆمەتی "پێشێلکردنی ناوچە قەدەخەکراوە ئەمنییەکان و رێگریی لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و هاوکاریکردنی بە مەبەست بۆ پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ تیرۆر"، سکاڵای لەسەر تۆمارکرا.
یەکەم دانیشتنی دادگەییکردنی عەبدوڵڵا زەیدان لە رۆژی 16ـی کانوونی دووەمی 2025 و دووەمین دانیشتنی دادگەییکردنەکە لە رۆژی 30ـی هەمان مانگ لە پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو. بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی زەیدان لەهەردوو دانیشتنەکە بەهۆی نەخۆشکەوتنییەوە، دادبینییەکە دواخرا.
رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2025، داواکاری گشتیی کۆماریی ئامەد، دوو تۆمەتنامەکەی لە دژی عەبدوڵڵا زەیدان، بە تۆمەتەکانی هاوکاریکردنی بە مەبەست بۆ رێکخراوی تیرۆریستی و بانگەشەکردن بۆ تیرۆر لە خۆپیشاندانەکاندا، پێشکێشی دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد کرد. پێنجەمین دادگەی ئامەد، رۆژی 7ـی مانگ تۆمەتنامەکەی پەسند کرد و بانگهێشتنامەی ئاراستەی عەبدوڵڵا زێدان کرد.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا عەبدوڵڵا زەیدان، بەربژێری دەم پارتی 245 هەزار و 573 دەنگ ( 55.48٪ـی دەنگەکان)ـی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان هەڵبژێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ