رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێنجشەممە شەپۆلیکی بەفر و باران روو لە ناوچەکە دەکات. کەشناسێکیش دەڵێت، "ئەگەری هەیە تاوەکو شەوی هەینی بەردەوام ببێت."
ئەمڕۆ سێشەممە 11-02-2025 بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پاشنیوەڕۆى رۆژى پێنجشەممە 13-02-2025 کەشى ناوچەکەمان بۆ هەور دەگۆڕێت، لەگەڵ هاتنى شەپۆلێکى بەفر و باران، لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان نمەباران دەبارێت."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بارستە هەوایەکى سارد لە ناوەڕاستى ئەورووپاوە روو لە ناوچەکە دەکات، پلەکانى گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، بۆیە شەپۆلێکى بەفربارین سەرجەم ناوچە سنووری و شاخاوییەکان دەگرێتەوە، بەتایبەت ئەو ناوچە شاخاوییانەى بەرزییان 1000 مەترە، بەفریان لێ دەبارێت.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، "لە سەنتەرى پارێزگاکانى سلێمانى و دهۆک بە تێکەڵى لەگەڵ باران، بەفریش دەبارێت."
لەبارەی بڕى بارانى پێشبینیکراو، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بڕی بارانەکە بەگشتى لەنێوان 12 - 18 ملیمەتر دەبێت."
لەبارەی کاتەکانی بەفربارینەوە کەشناسی دەڵێت، "زۆرترین کاتى بەفربارین لە شەوى پێنجشەمممە لەسەر هەینى و کاتەکانى بەرەبەیانى رۆژى هەینییە."
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی گوتی، "لە پاشنیوەڕۆى رۆژى هەینى کاریگەریى ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان لاواز دەبێت؛ ئەگەر هەیە تاوەکو شەوی هەینی بەردەوام بێت، بەڵام پلەى گەرما هەر بە نزمى دەمێنێتەوە."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، کەشی پێشبینیکراوی سبەی چوارشەممە بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 14 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 14پلەی سیلیزی
دهۆک: 12 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 16 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 12 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 12 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 0 پلەی سیلیزی
سۆران: 12 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 17 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ