رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لەبارەی کۆتاییهاتنی مانگرتن لە سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بڕیاری کۆتاییهێنان بە مانگرتن، بڕیارێکی بەرپرسیارانە بوو.
دوای 15 رۆژ مانگرتن، مانگرتووانی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاریان دا مانگرتنەکەیان هەڵپەسێرن و بە شێوازی دیکە لەسەر داواکردنی مافەکانیان بەردەوام بن.
دوای هەڵپەساردنی مانگرتنەکە، هۆشیار زێباری رایگەیاند: "مامۆستایانی شاری سلێمانی بڕیاری کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەیان دا، کە بڕیارێکی بەرپرسیارانە بوو. پەیامەکەیان گەیشتە هەموو لایەک."
هۆشیار زێباری، کە پەیامەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە، پێیوایە: "مانگرتووان بە بڕیارە دروستەکەیان هەوڵەکانی هەندێک پەرلەمانتاری نەناسراویان پووچەڵ کردەوە کە بەدوای ناوبانگ و پۆپۆلیزمەوە دەگەڕان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم، بەتایبەتی دوای ئەوەی کێشەکە لەگەڵ بەغدا چارەسەر کرا."
داواکاریی سەرەکیی مانگرتووانی سلێمانی ئەوە بوو، کە مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچە دابەشبکرێت، هەروەها بەجێکردنی مووچەکانیان و گەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوەش بەشێکی دیکەی داواکانیانە.
سەرەڕای جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان، بەڵام 11 مانگرتووەکە بە ئامادەبوونی ئاپۆڕای جەماوەری لە خێوەتی مانگرتووان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڵپەساردنی مانگرتنیان راگەیاند.
مانگرتووان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتیان: "ئەگەر بمانزانیایە جووڵەیەکی جیدی لە دەرەوە هەیە، تا مردن بەردەوام دەبووین. لەژێر گوشاری ئەو دایکانەداین کە لە چەند رۆژی رابردوو دا بە قورئانەوە خۆیان هاوێشتە نێو خێوەتەکەمان و داوایان کرد مان بشکێنین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ