قایمقامی ئاکرێ: کێشەی موەلیدەی گەڕەکی گوڵان چارەسەرکرا

11-02-2025
سیپان رۆژهەڵاتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، بەدواداچوونیان بۆ کێشەی موەلیدەی گەڕەکی گۆڵان کردووە و کێشەکەیان چارەسەر کردووە. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 11-02-2025، رووداو ڤیدیۆی موەلیدەی گەڕەکی گۆڵانی لە ئاکرێ بڵاوکردەوە، کاتێک کاردەکات، دووکەڵێکی زۆر بەئاسماندا دەکات، دووکەڵەکە دەچێتە نێو قوتابخانەی سەرهڵدان، قوتابی و مامۆستاکان لەنێو دووکەڵ دیارنامێنن.  
 
دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ میوانی بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "ئەوە موەلیدەی یەدەکی گەڕەکی گۆڵان بوو، بە ئاگاداریی لیژنەکانی قامقامییەت، تەنیا بۆ تاقیکردنەوە کاری پێکراوە. دواتر کە دووکەڵی زۆری کردووە، کوژێندراوەتەوە و کێشەکە چارەسەر کراوە." 
 
قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، "ئێستا هاونیشتمانییان دەتوانن بچن سەردانی شوێنەکە بکەن، ئەگەر چارەسەر نەکرابێ، رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگرینەبەر". 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاکڕاگرتنی ژینگە، بڕیاری داوە خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، فیلتەر بۆ دەنگ و پیسی بەکاربهێنن و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
 
قایمقامی ئاکرێ کە زیاتر لە ساڵێکە دەستبەکاربووە، دەڵێت "ماوەی نۆ مانگە، سەرنجم لەسەر کاری لیژنەی موەلیدە و بەنزینخانەکان بووە کە کێشەی سەرەکیی هاونیشتمانییانن و چارەسەر کراون". بە گوتەی دلاوەر بۆزۆ، "لەسەنتەری ئاکرێ 45 موەلیدە هەن، 44یان بێدەنگ کراون و فیلتەریان بۆ دانراوە، رۆژانە پشکنین بۆ گازوایلی موەلیدەکان دەکرێت و هەر کێشەیەک هەبێت، رێکاری یاساییان بەرامبەر جێبەجێ دەکرێت".
 
روژی 13-01-2025، بە سەرپەرشتیی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بەشداریی قایمقام و بەرپرسانی ژینگەیی، ئەمنی و کارگێڕیی پارێزگای دهۆک، کۆبوونەوەیەک لەبارەی ژینگەی سنوورەکە بەڕێوەچوو.
 
قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، سەرجەم ئەو رێکارانەیان جێبەجێکردووە، کە لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاریان لەسەر دراوە، هەروەها گوتی "لەگەڵ سەندیکا و خاوەن موەلیدەکان کۆبوومەوە، سەرجەمیان بەڵیننامەیان پڕکردووە لە ماوەی مانگێکدا بتوانن بێدەنگیان بکەن و فیلتەر بەکاربێنن".
 
رۆژی 12-01-2025 بب سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک تایبەت بە پاراستنی ژینگە بەڕێوە چوو و چوار بڕیار بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دران کە ئەمانەن:
 
یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندرووستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
 
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە