باران کاریگەریی لەسەر دانەوێڵەی هەرێمی کوردستان دەبێت؛ 3 ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی پێشبینی کەشناسان، ئەم وەرزەی بارین وشکەساڵی نەهێشتووە. بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، 3 ملیۆن و 300 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە و چاوەڕێی دوو بۆ سێ هێندەی بەرهەمی گەنمن بەراورد بە پار.
 
دوای چەند ساڵێک کەمیی باران و وشکەساڵی لە بەشێکی هەرێمی کوردستان، دوو کەشناس پێشبینی دەکەن، لەم وەزەی باریندا وشکەساڵی کۆتایی بێت و لە تەواوی ناوچەکان دانەوێڵە پێ بگات.
 
پێشبینی کەشناسان
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەنجامی زاڵبوونەوەی دیاردەی نیوتراڵ لەسەر زەریای هێمن کە بووەهۆی چالاکبوونەوەی دەریا و زەریاکان بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵی رابردوو بڕی بارانبارین لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دوو تا سێ هێندەیە پێشترە."
 
ئەو کەشناسە گەشبینە بە شێوەی بارانی ئەم وەرزەی بارین کە بەگوێرەی دابەشبوون و کاتەکەی باش بووە بۆ دانەوێڵە و کشتوکاڵ بەگشتی.
 
محەممەد کەمال گوتی، "بۆ تێپەڕینی وشکەساڵی 200 بۆ 250 ملیمەتر باران لە ناوچە گەرمەکان پێویستە، بەڵام لەم وەرزەی باریندا لە گەرمیانەوه تاوەکو زاخۆ زیاتر لەو بڕە باریوه. هەندێک ناوچە هەزار ملیمەتری تێپەڕاندووە؛ هاوکات لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر باریوە و ئاستی بەنداوەکان زیادیکردووە، بۆیە لە هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ بەهیچ شێوەیەک مەترسی وشکەساڵی نییە."
 
ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، مانگەکانی سێ و چواری ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان باران ببارێ، ئەوەش بە یەکجاری ناوچەکە لە وشکەساڵی دووردەخاتەوە.
 
شاڵاو هیدایەت کەشناسێکی دیکەیە و هاوبۆچوونی محەممەد کەمالە و دەڵێت، "پێشبینییەکان بەشێوەیەکن لە مانگەکانی داهاتووشدا باران ببارێ و مەترسی وشکەساڵی نابێت."
 
ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنم لە هەندێک ناوچە باش بوو و لە بەشێکی ناوچەکانیش وشکەساڵی بوو، بەڵام بەگوێرەی پێشبینییەکانی شاڵاو هیدایەت بۆ رووداو، "ئەم ساڵ لە تەواوی ناوچەکان بەرهەمی گەنم باش دەبێت."
 
وەزارەتی کشتوکاڵ: چاوەڕێی بەرهەمی باشین
 
ساڵی رابردوو وێڕای کەمبارانی و لە هەندێک شوێن وشكەساڵی، بەتایبەت بەشێکی هەولێر و ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، بەگوێرەی وەزارەتی كشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بەرهەمی گەنم گەیشتە یەک ملیۆن تۆن.
 
رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بارانی باش باریوە، ئەگەر مانگەکانی سێ و چوار باران ببارێ چاوەڕوانی دوو بۆ سێ هێندەی بەرهەمی گەنمی ساڵی رابردوو دەکرێت."
 
ئەو راوێژکارەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "ئەم وەرزە زیاتر لە 3 ملیۆن و 300 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم چێندراوە، تەنانەت زەوییە دێمییەکانیش بە گەنم چێندراون و چاوەڕێی بەرهەمی باش دەکرێت."
 
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکان بە نرخی پاڵپشتیکراو گەنمی بنەتۆوی دابەشکردووە. رزگار حەمەد گوتی، "بنەتۆوەکان رەسەنی ناوچەکەن و بەرگەی وشکەساڵی، بارانی زۆر و گۆڕانی کەشوهەوا دەگرن."
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە "لە خراپترین دۆخدا" هەر دۆنمێک زەوی بە گەنم چێندراو 500 کیلۆ بەرهەمی دەبێت.
 
بۆ پێشبینییەکانیان لەبارەی بەرهەمی ئەم ساڵی گەنم، رزگار حەمەد خدر گوتی، "دوای مانگی سێ و سەرەتای مانگی چوار بەرچاومان روون دەبێ بەرهەم چۆن دەبێت. بارانبارین بەردەوام بێ بەرهەم دەگاتە سێ هێندەی ساڵانی رابردوو."
 
عێراق نرخی وەرگرتنی گەنم کەم دەکاتەوە
 
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەڵام ساڵی 2025 بڕی وەرگرتنی کەم کردەوە بۆ 400 هەزار تۆن.
 
بۆ گەنمی ئەم وەرزە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە چوار ملیۆن و 500 هەزار تۆن وەربگرێ، بەڵام روون نییە لەو بەشە پشکی هەرێمی کوردستان چەند دەبێت.
 
حکومەتی عێراق دوو ساڵی پێشتر تۆنێک گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە 850 هەزار دینار وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئەم ساڵ تۆنی بە 700 هەزار دینار وەردەگرێ.
 
ساڵانە لە دەوروبەری مانگی 10دا چاندنی گەنم لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ناوچەکان دەستپێدەکات و دروێنەکردنیش لە کۆتایی مانگی چوارەوە لە ناوچە گەرمەکان دەستپێدەکات و تاوەکو نزیک مانگی شەش لە ناوچە کوێستانییەکان بەردەوام دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نۆرەی بارهەڵگر لە بازگەی مەخموور

بازگەکانی حکومەتی عێراق مەخموورییەکانیان تووڕە کردووە

"بگەڕێوە" (ئیرجەع)، ئەمە ئەو وشەیەیە رۆژانە لە بازگەکانی حکومەتی عێراق لە مەخموور بە گوێی ئەو هاونیشتمانییانەدا دەدرێتەوە کە دەیانەوێت کاڵا و پێداویستییەکانیان ببەنە نێو قەزاکە. دانیشتووانی مەخموور دەڵێن ئەمە سزایە و دەیانەوێت شارەکە چۆڵ بکەن.