هەفتەی داهاتوو سوودانی بۆ سێیەم جار لەگەڵ لایەنەکانی کەرکووک کۆدەبێتەوە

11-03-2024
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە هەفتەی داهاتوو لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ سێیەم جار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببنەوە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی ئەو پارێزگایە.
 
تاوەکو ئێستا لایەنەکان دوو کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سوودانی داوای پڕۆژە و پێشنیازی لە هەموو لایەنەکان کردووە."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەختی لەوە کردەوە کە "نابێ ئەم بۆشاییە زیاتر درێژە بکێشێت و پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت بێت، چونکە ئێستا کەرکووک تەنانەت بودجەی نییە و تەنیا مووچەی بۆ دێت، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە ئەنجوومەنی پارێزگا کارا نەبووە و پارێزگار هەڵنەبژێردراوە."
 
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، یەکێتى پێنج کورسی بەدەستهێنا و براوەى یەکەم بوو، هاوپەیمانیى عەرەبی سێ کورسی بەدەستهێناوە، هەریەک لە پارتى، بەرەى تورکمانى، هاوپەیمانیى قیادە یەکى دوو کورسی-یان بەدەستهێنا، هاوپەیمانیى عرووبە یەک کورسی و بابلیون کورسیى کۆتای ئەنجوومەنەکەى بردەوە.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک 16 کورسییە، دەنگدان بۆ پۆستى پارێزگار پێویستى بە نۆ کورسییە، هیچ کام لەو سێ پێکهاتەیە بە جیا ئەو ژمارەی کورسییەیان نییە.
 
3ى ئاداری 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە بەغدا لەگەڵ نوێنەرى لایەنە براوەکانی کەرکووک کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی شارەکە.     
 
سوودانی راگەیاند، لە کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنە براوەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، رێککەوتوون گفتوگۆى دوو قۆڵیى نێوان هێزە سیاسییە براوەکان بەردەوامبن لەبارەى تاوتوێکردنى ئەو کارنامانەى پێشکێشیان کردووە بۆئەوەى لە ماوەى دوو هەفتەدا بگەنە یەک کارنامەى هاوبەش.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "سوودانى بە گرنگى زانیوە گفتوگۆى نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەردەوام بێت لە پێناو پاراستنى ئاشتى کۆمەڵایەتى لە کەرکووک."
 
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرى هەرسێ پێکهاتەى کورد، عەرەب و تورکمان، کارنامەى خۆیان رادەستى سەرۆکوەزیران کرد لەبارەى تێڕوانیان بۆ چۆنێتیى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک و هەڵبژاردنى پۆستى پارێزگار و سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا و پۆستەکانى دیکە.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە یەکێک لە لایەنە براوەکانى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕیارە لە ماوەى ئەو دوو هەفتەیەدا سەرۆکوەزیران بە جیا لەگەڵ نوێنەرى ئەو لایەنە سیاسییانە کۆببێتەوە کە لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا براوەبوون و کارنامەکانیان لەگەڵ تاوتوێ بکات بۆ گەیشتن بە ئەنجامى کۆتایی."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە