رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزیری دارایی عێراق جارێکی دیکە داوای دووبارەکردنەوەی وردبینی لە لسیتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری رووداوی گوت: "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق جارێکی دیکە لیستی مووچەی ناردووەتەوە بۆ وردبینی، سەرباری ئەوەی لیستەکە گرفتی نەبووە".
ئەو لیستەی داوای وردبینی کراوە، هەمان لیستی مووچەی مانگی یەکە، کە بڕیاربوو بکرێتە بنەمای خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی مانگی دوو، کەمترە لەو بڕەی حکومەتی عێراق بۆ مووچەی مانگی یەک بۆ هەرێمی کوردستانی نارد، کە 958 ملیار دینار بوو.
ئەوە لەکاتێکدایە، 03ـی شوبات، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نارد، تێیدا سێ داواکاری لە هەرێمی کوردستان کرد، کە ئەمانەی خوارەوەن:
1- پێدانی نووسراوی پارەدارکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2025ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
2- تەواوکردنی ناردنی داتای تایبەت بە بەجێکردن "تەوتین"ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی ئەو میکانیزمەی کە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دانراوە.
3- ناردنی داهاتی نانەوتی مانگی کانوونی دووەمی 2025 بۆ سەر ئەو هەژمارەی کردوویانەتەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە (70018).
دابەشكردنی مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ، 5ی مانگی دوو دەستیپێکرد و 10ـی مانگ کۆتایی بە دابەشکردنی هات.
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، بۆ ئەوەش حکومەتی عێراق دەڵێت، پارەی ناردووە و هەرێمی کوردستانیش رەتیدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ