هەولێر؛ دایکی شەش کچ بە کۆکردنەوەی قوتووی بەتاڵ بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات

11-03-2026
عەدنان رەشید
دیمەنێکی بەرنامەکە
دیمەنێکی بەرنامەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەعدیە فوئاد، ژنێکی تەمەن 31 ساڵانی دانیشتووی هەولێرە، دایکی شەش کچە و بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی، رۆژانە لە شەقام و کۆڵانەکان قوتووی بەتاڵ کۆدەکاتەوە. سەعدیە دەڵێت، هاوژینەکەی دوو ساڵە لە زیندانە و پێشتریش ژنی دووەمی هێناوە و جێیهێشتوون.
 
لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، چیرۆکی ژیانی سەعدیە و شەش کچەکەی خسترایە ڕوو. ئەم خێزانە حەوت کەسییە لە گەڕەکی کانی گەنی لە خانوویەکی کرێدا دەژین، کە مانگانە کرێکەی 140 هەزار دینارە و بەهۆی هەژارییەوە کرێی دوو مانگیان بۆ نەدراوە.
 
سەعدیە کە لە تەمەنی 15 ساڵییەوە هاوسەرگیریی کردووە، باس لەوە دەکات رۆژانە بە زمانی بە رۆژووەوە دەچێتە سەر کار و دەڵێت: "هەموو رەنجی رۆژەکەم تەنیا سێ هەزار دینارە."
 
هیچ کام لە شەش کچەکەی سەعدیە، کە گەورەترینیان 17 ساڵ و بچووکترینیان تەمەنی دوو ساڵە، ناسنامەیان نییە و بەهۆی هەژارییەوە لە خوێندن بێبەش بوون. دوو لە کچەکانی بەناوەکانی هەنار (11 ساڵ) و ترێ (5 ساڵ) لەگەڵ دایکیان کار دەکەن. ترێ دەڵێت: "لەگەڵ دایکم دەچم قوتوو کۆدەکەمەوە و ناچمە قوتابخانە؛ لە رێگە زۆر هیلاک و تینوو دەبم." بەهۆی ئەو کارەوە، ترێ و خوشکەکەی تووشی نەخۆشیی پێست بوون.
 
دۆخی ژیانی ئەم خێزانە گەیشتووەتە ئاستێکی سەخت. بەهار، کچە گەورەی سەعدیە، بە رووداوی گوت: "بۆ بەربانگ نان نییە لەسەر سفرە بیخۆین، دۆخمان زۆر خراپە و بە هاوکاریی خێرخوازان دەژین." خانووەکەیان بنمیچەکەی دڵۆپە دەکات و شێدارە، هەروەها لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بێبەشن.
 
عەتیە، دایکی سەعدیە، کە خۆی نەخۆشە و پێویستی بە دەرمانە، هەندێک جار لەگەڵ کچەکەیدا دەچێتە سەر شەقام بۆ کۆکردنەوەی قوتوو، تاوەکو بتوانێت پارەی دەرمانەکانی دابین بکات.
 
شوکر هەرکی، موختاری گەڕەکی کانی گەنی، دۆخی خراپی ئەم خێزانەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "ئاگاداری دۆخیانم، دایکەکە بۆ پەیداکردنی ژەمێک خواردن قوتوو کۆدەکاتەوە. ئەوەی لە تواناماندا بووە هاوکاریمان کردوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەرچاوەیەکی داهاتی جێگیر، دۆخیان هەر وەک خۆی ماوەتەوە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی لە ئەنتالیا؛ زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسی و جەختکردنەوە لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە پێنجەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، ئەمڕۆ شەممە 18-4-2026 کە دووەمین رۆژی کۆڕبەندەکە بوو، لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، وەزیری بەرگریی تورکیا و سکرتێری کۆمکاری عەرەبی، پرسی ئارامی و سەقامگیری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تاوتوێ کرد.