رووداو دیجیتاڵ
بارانبارینی بەخوڕ رێگەی 12 گوندی سنووری ناحیەی گردەسێنی قەزای ئاکرێی تێکداوە، دانیشتووانی گوندەکان دەڵێن، ساڵانە چەندین جار رێگەکە تێکدەچێت و داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ چاککردنەوەی دەکەن.
بەهۆی ئەو شەپۆلەی بارانەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئاستی ئاوی زێی گەورە لە سنووری ناحیەی گردەسێنی قەزای ئاکرێ بەرزبووەتەوە و رێگەی 12 گوندی ناحیەکەی کە پێشووتر خۆڵ بووە، تێکداوە. ئێستا دانیشتووانی ئەو گوندانە ناچارن بۆ هاتووچۆی خۆیان، رێگەیەکی زیاتر ببڕن.
عەبدولڕەحمان فازڵ، موختاری گوندی کەلەدێ کە یەکێک لەو گوندانەیە ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ دروستبووە، دەڵێت، ''دوو رۆژە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی گەورە ناتوانین هاتووچۆ بکەین، پێشتریش چەندین جار رێگەکە چاککراوەتەوە، بەڵام دووبارە کاتی بارانبارین تێکچووەتەوە.''
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی ئاکرێ سەرقاڵی چاککردنەوەی رێگەکەن، بەڵام چەند مەترێک زەویی هاونیشتمانییان بەر رێگەکە دەکەوێت، بۆ ئەوەی رێگەکە لە شوێنێکی سەلامەتتر دروست بکرێت.
میقداد حیکمەت، یەکێک لەو هاونیشتمانییانەیە کە زەوییەکەی بەر رێگە کەوتووە و بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''هەموو ساڵێک بۆ دروستکردنەوەی رێگەکە دوو یان سێ مەتر زەوی بەلاش دەدەینە [بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوەی رێگەوبان]، بەڵام تاوەکو ئێستا قەرەبوو نەکراوینەتەوە.''
دانیشتووانی گوندەکان داوا دەکەن رێگەیەکی هەمیشەییان بۆ دروست بکرێت، بۆ ئەوەی ساڵانە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکە، دووبارە ژێرئاو نەکەوێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ