رووداو دیجیتاڵ
لە دێوڵانی سەر بە پارێزگای سنە، لە دوو رووداوی جیادا هەورەبرووسکە لە دوو هاونیشتمانی داوە و بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
رووداوی یەکەم دوێنێ پێنجشەممە، 10-04-2025، لە گوندی ''سیس''ـی سەر بە ناحیەی بەلەبانئاوای شاری دێوڵانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە.
ناسر شکوری، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی دێوڵان رایگەیاند، کەسێک کە بۆ کشتوکاڵ چووەتە سەر زەوییەکانی، بەهۆی هەورەبرووسکەوە بە سەختی بریندار بووە و لەلایەن خەڵکەوە، گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی دێوڵان هۆشداری دەداتە جووتیاران کە لەکاتی هەورەبرووسکەدا نەچنە سەر زەوییەکانی خۆیان.
رووداوی دووەمیش لە چیایەکی سنووری هەمان ناحیەی سنە روویداوە.
زاهید رۆشنی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەلەبانئاوا، رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە دوای ئەوەی لە دیارنەمانی کەسێک بە ناوی مەنسوور نووری، خەڵکی گوندی چراخئاوای سەر بە ناحیەکە، ئاگادار کرانەوە، پڕۆسەی گەڕان بەدوایدا دەستیپێکرد.
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی بەلەبانئاوا، تەرمی ئەو هاونیشتمانییە لە چیای سورمەعەلیی ناوچەکە دۆزراوەتەوە، کە بە هەورەبرووسکە گیانی لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ