کوردستان
عهزیز ئهحمهد دەڵێت بۆ هەر لایەنێک کە نیازی هەیە راستییەکان بزانێت، ئامادەیی خۆمان دووپاتدەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق بە رووداوی راگەیاند؛ "دەنگۆی ئەوە هەیە حکومەت لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە سەرجەم ئەو قەرزانە لە مووچەی فەرمانبەران ببڕێت کە لەسەریانە." جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە وەڵامی ئەوەدا رایدەگەیێنێت؛ "مانگێک لەمەوبەر، تیمی 'هەژماری من' بانگهێشتیان کردووە بۆ دانیشتنێکی تایبەت دەربارەی پرۆژەکە و تاوەکو ئێستا نەهاتووە."
رۆژی شەممە 11ـی ئاداری 2024، جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند؛ "ئەو هەژمارە بانکییەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی 'هەژماری من' بۆیان دەکرێتەوە، جیاوازی هەیە لەو بەجێکردنەی وەزارەتی دارایی عێراق داوای دەکات، ئەو بانکانەی لە پڕۆژەی 'هەژماری من' بەشدارن، نە بانکی حکومین، نە فیدراڵی و نە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانیشدان."
جەمال کۆچەر گوتی؛ "ئەگەر بەغدا راستەوخۆ مووچە لە رێگەی بەجێکردنی بانکە فیدراڵییەکان بخاتە سەر هەژماری فەرمانبەران، هیچ پارەیەک لە مووچەی فەرمانبەران نابڕدرێت، بەڵام لە رێگەی هەژماری منەوە، (هەرچەند من بە باشی ئاگادار نیم و تەنیا دەنگۆیەکە و هەیە)، دەگوترێ حکومەت ئەو قەرزانەی لەسەر فەرمانبەران هەیە، لە مووچەکەیان دەبڕێت.''
لە وەڵامی ئەو لێدوانەی جەمال کۆچەر، عهزیز ئهحمهد، جێگری بهڕێوهبهری نووسینگهی سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە؛ "مانگێک لەمەوبەر تیمی 'هەژماری من' بانگهێشتی جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری عێراقیان کرد بۆ دانیشتنێکی تایبەت دەربارەی پرۆژەکە. بەڵێنی پێداین هەرکاتێک دەرفەتی بۆ رەخسا سەردانمان بدات، بەڵام تاوەکو ئێستا چاوەڕێین."
عهزیز ئهحمهد دەڵێت؛ "بۆ هەر لایەنێک کە نیازی هەیە راستییەکان بزانێت، ئێمە ئامادەیی خۆمان دووپاتدەکەینەوە بۆ ئەوەی زانیارییان پێبدەین."
لەبارەی گێڕانەوەی قەرزی فەرمانبەران لە مووچەکانیان، جێگری بهڕێوهبهری نووسینگهی سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان روونیدەکاتەوە "هیچ پیلانگێڕییەک لەپشتی ئەم پرۆژەیەدا نییە، نە گرێبەستی شاراوە هەیە و نە سنووردارکردنی بڕی راکێشانی پارە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ