رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لێزمە باران و لافاو شەش پارێزگای باکووری کوردستان بگرێتەوە و دەشڵێت، "دوو رۆژ دەخایێنێت و پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت."
لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، پێشبینییەکانی ئەمڕۆ شەممە 11ی ئایاری 2024ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 29 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان لێزمەباران دەبارێت و لافاو دروست دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە نەخشەی کەشوهەوای شەش پارێزگای باکووری کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە پارێزگاکانی خارپێت، چەولیگ، سێواس، دێرسم، وان، جۆلەمێرگ و مەلەتێ لێزمەباران دەبێت و لافاو دروست دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە راشیگەیاند، لەو شەش پارێزگایەی باکووری کوردستاندا پلەی گەرما 4-6 پلە دادەبەزێت و خێرایی با لەنێوان 60-80 کیۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ تەواوی رۆژ لەم پارێزگایانە لێزمەباران بەردەوام دەبێت و شەپۆلەکەش دوو رۆژ دەخایێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ