بزووتنەوەی گۆڕان ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات

11-05-2025
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەم جار لەدوای دامەزراندنیەوە، بزووتنەوەی گۆڕان ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا بکات. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیش دەڵێت: "چاوەڕێین هەڵاواردنێک بۆ بزووتنەوەکە بکرێت بۆ ئەوەی بەشداری بکات."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تۆمارکردنی پارت، هاوپەیمانێتی و لیستە سەربەخۆکان تاوەکو کۆتایی دەوامی رۆژی 14ـی ئەم مانگە دەبێت.
 
جومانە غەلای ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت: "پێموانییە ئەو وادەیەی دیاریکراوە درێژ بکرێتەوە و هەر حیزبێکیش وادەی کۆنگرەی بەسەرچووبێت، ناتوانێت بەشداریی هەڵبژاردن بکات."
 
ئەندامێکی جڤات: بۆ بەشداریکردن چاوەڕێی هەڵاواردنین
 
جەلال ئیسماعیل، ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتمانیی‌ بزووتنەوەی گۆڕان و باژێروانى دهۆک بە رووداوی راگەیاند، بزووتنەوەکە رۆژی 24ـی ئایاری بۆ کۆنفرانس دیاریکردووە.
 
هاوکات چۆمان محەممەد، ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی و رێکخەری ژووری ياسايى بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی راگەیاند، "ئەوەی ئێمە بیستوومانە وادەی تۆمارکردنی حیزب و قەوارەکان درێژ دەکرێتەوە."
 
لە ئەگەری درێژنەکردنەوەی وادەکەش، چۆمان محەممەد گوتی: "رەنگە داوای هەڵاوێر بکرێت، چونکە لەنێو هەنگاوە یاساییەکان داین و بەرەو کۆنفرانس دەچین."
 
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەکرێت.
 
بۆچی گۆڕان نەیتوانی کۆنگرە ببەستێت؟
 
دوای ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، 5ـی نیسانی ئەم ساڵ، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "بە دەستوەردانی حیزبی، کۆمیسیۆن بەشداریی نەکردووە".
 
ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان کە بە "باڵی کوردسات"یش ناودەبرێن، 26ـی نیسان کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد و کۆمیسیۆنیش ئامادە بوو، بەڵام بە گوێرەی یاساکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی پێویستی ئەندامانی بزووتنەوەکە ئامادە نەبوو، بۆیە هەڵگیرا بۆ کاتێکی دیکە.
 
بەرپرسێک لە ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرچاومان روونکراوەتەوە و بە گوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆن، 24 ـی ئەم مانگە بۆ کۆنفرانسی گشتیی دیاریکراوە".
 
هاوکات نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ بەشداربوون لە کۆنفرانس یان بەشدارنەبوون، دەگەڕێینەوە بۆ بڕیاری جڤاتی نیشتمانی و لەوێوە بڕیاری لەسەر دەدرێت".
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕانی ناچار کردووە، تەنیا ئەو ئەندامانە بەشداریی کۆنفرانس بکەن ناویان لە ساڵی 2017 تۆمار کراوە زیاترن لە 2100 ئەندام؛ ئەوانەش ئێستا بەسەر دوو ئاراستە دابەشبوون، جگە لەوەی بەشێکیان دەستبەرداری سیاسەت بوون و بەشێکیش چوونەتە نێو حیزبەکانی دیکە.
 
بەڵام بە گوێرەی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی کوردسات) بۆ رووداو، "کۆنفرانسی داهاتووو بە گوێرەی دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبوو دەبێت، بۆ نموونە 400 ئەندام ئامادەبێت دەتوانن بڕیارەکانی کۆنفرانس بە زۆرینەی دەنگیان پەسند بکەن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە