رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ کرێکارێکی تەمەن 22 ساڵ لە دهۆک لەنێو ئاسانسواری پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا. ئەو رووداوە نیگەرانیی زۆری لێکەوتەوە و داوا دەکرێت مەرجەکانی سەلامەتی لە پڕۆژەکاندا جێبەجێ بکرێن.
دوای رووداوەکە، زۆربەی کرێکارانی پڕۆژەکە وازیان لە کارکردن هێنا و چوونە دادپزیشکی بەدوای هاوڕێکەیان. دایکی کرێکارەکەش بە گریانەوە چووە دادپزیشکیی دهۆک. دواتر تەرمی گەنجە کۆچکردووەکە بەرەو گۆڕستان بەڕێکرا.
خاڵی کرێکارەکە بە رووداوی گوت، "ئێمە هیچ نازانین، تەنیا تەلەفۆنیان کرد و گوتیان وەرن کوڕەکەتان مردووە، ئێمەش نازانین چۆن کەوتووەتە خوارەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، باوکیشی تەنیا دەتوانێت بگری و ئاگای لەوە نییە چی روویداوە.
کەیڤی بامەڕنی، سەرۆکی سەندیکای بیناسازیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوانیش هێشتا نازانن کرێکارەکە چۆن کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە مەرجەکانی سەلامەتی لە زۆربەی پڕۆژەکاندا لاوازن.
کەیڤی بامەڕنی دەڵێت، "پێش ئێستا چووینەتە سەر ئەم پڕۆژەیە، کۆمەڵێک کرێکار هەن، دەیانبینی خەڵکی نامۆن و خەڵکی ئێرە نین، نزیکەی 100 کرێکار دەبن. پرسیارم لە سێ چواریان کرد، هیچ باسی بیمە (زەمان) لەلایان نییە. لەگەڵ ئیدارەی پڕۆژەکە قسەم کرد، گوتیان هەندێک کرێکار تەنیا بۆ سێ چوار رۆژ دێن بۆ کار، ئێمە ناتوانین بیمەیان بۆ بکەین. زۆربەی شوێنەکانی کارکردن مەرجەکانی سەلامەتییان لاوازە، ئەگەر هەشبن زۆر کەمن، واتە خاوەنکار پابەندیان پێوە ناکات".
پار، دوو کرێکاری دیکە لە هەمان پڕۆژەدا کەوتبوونە خوارەوە و گیانیان لەدەستدابوو. نەبوونی مەرجە پێویستەکانی سەلامەتی لە پڕۆژەکانی بیناسازیدا وایکردووە هەواڵی کەوتنەخوارەوە و گیانلەدەستدانی کرێکاران ببێتە بابەتێکی ئاسایی.
بە گوتەی سەندیکای کرێکاران، زیاتر لە 24 هەزار کرێکاری بیناسازی لە پارێزگای دهۆک هەن، کە زۆرێکیان لە دۆخێکی سەختدا کاردەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ