حوسێن قائیدی: 1090 ئێزدیی رزگارکراو بۆ چارەسەر نێردراونەتە ئەڵمانیا

11-05-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 2500 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن و زۆرینەیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانن.
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش کە نووسینگەکە سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ، 3587 کەس لە رفێندراوان ئازاد کراون."
 
ئەوانەی ئازاد کراون، ئەو ژن، پیاو و منداڵانەن لەکاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە ساڵی 2014 رفێندرابوون.
 
ئەو کوردە ئێزدییانەی رزگار دەکرێن پێویستیان بە چارەسەری دەروونییە. حوسێن قائیدی دەڵێت، "لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا کە رێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا بوو لە ساڵی 2015، نزیکەی 1090 رزگارکراو نێردرانە ئەو وڵاتە بۆ چارەسەر."
 
لەدوای ئەو رێککەوتنەشەوە، ژمارەیەکی دیکە لە رزگارکراوان لە رێگەی رێکخراوە مرۆییەکانەوە چوونەتە وڵاتانی کەنەدا، ئەمریکا و ئوسترالیا.
 
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش گوتیشی، "ئەوانەی بۆ چارەسەری دەروونی دەچنە وڵاتانی دەرەوە، بۆ گەڕانەوە یان مانەوەیان لەو وڵاتە ئازادن، بیانەوێت دەگەڕێنەوە و نەیانەوێت دەمێننەوە."
 
لەبارەی چارەنووسی بێسەروشوێنانەوە، حوسێن قائیدی ئاماژەی بەوە کرد، زۆرینەیان لە سووریا و بەتایبەت رۆژئاوای کوردستان و کەمپی هۆلن. گوتیشی، "بینیمان لە غەززەوە ئێزدی گەڕایەوە، بۆیە لە وڵاتانی دیکەش هەن."
 
لە هێرشی چەکدارانی داعشدا لە شنگال، 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.