کۆمەڵ و یەکگرتوو: دەنگمان بە بڕگەى مامەڵەى پارێزگاکان لەگەڵ بەغدا نەداوە

11-06-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارانى هەردوو فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان و کۆمەڵى دادگەرى لە پەرلەمانى عێراق دەنگیان بەو بڕگەیەى مادەى 14ى پڕۆژەیاساى بودجە نەداوە کە تایبەت بوو بە مامەڵەى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵیی عێراق.
 
رۆژی 10ـى حوزەیرانى 2023، پەرلەمانى عێراق بە زۆرینەى دەنگ مادەى 14ى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستانى پەسند کرد، کە تایبەتە بە چۆنێتیى مامەڵەکردن لەگەڵ خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا. 
 
بڕگەى هەشتى پڕۆژەیاساکە کێشەى لێکەوتەوە کە پێشنیازى فراکسیۆنى یەکێتى بوو بۆ مامەڵەى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى عێراق، ئەگەر کێشە لە پشکەکانیاندا هەبێت.
 
فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە دژى ئەو بڕگەیە بایکۆتى دانیشتنەکەى کرد، کە دەسەڵاتى پارەدارکردنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەدات بە سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەگەر "نادادوەرى" هەبێت لە پێدانى پشکەکانیان.
 
فراکسیۆنى پارتى تەنیا فراکسیۆن نەبوو، کە دەنگى بەو بڕگەیە نەداوە، هەرچەندە بڕگەکە بە دەنگى زۆرینەی پەرلەمانتاران پەسند کرا.
 
جەمال کۆچەر، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان لە پەلەرمانی عێراق کە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "وەکو فراکسیۆنى یەکگرتوو دەنگمان بەو بڕگەیە نەدا، چونکە مەترسییە بۆسەر هەرێمى کوردستان."
 
جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەدا، جێبەجێکردنى ئەو بڕگەیە دەکەوێتە سەر نیەتى یەکێتى و پارتى، کە ئایا پارتى نادادوەری بەرامبەر بە پارێزگایەکى دیاریکراو دەکات یان یەکێتى تەنیا لەبارى بوونى نادادوەرى بەرامبەر بە پارێزگایەکى دیاریکراو بەکارى دەهێنێت، بەهەمانشێوەش ئەگەر هەیە حکومەتى عێراق بۆ گەڕانەوەى دادوەریى بۆ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بەکاریبهێنێت یان ببێتە هۆکارێک بۆ دەستوەردان لە هەرێمى کوردستان.
      
لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق هەر سێ مادەى 12، 13 و 14 تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان، زۆترین مشتومڕ لە پەرلەمان لەسەر مادەى 14 بوو.
 
سۆران عومەر، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دەنگی بە هیچ کام لە مادەکانى 13و 14ى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى نەداوە، بەوپێیەى پێیوابووە "کۆتوبەندى" تێدایە بۆ قەوارەى هەرێمى کوردستان.
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە، ئەوەى لە پڕۆژەیاساکەدا پەیوەندیدار بوو بە هەرێمى کوردستان پەسند کراوە، تەنیا پێشنیازى گەڕاندنەوەى 12%ـى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران ماوە کە بڕیارە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراقدا وەکو مادەیەکى سەربەخۆ لەنێو پڕۆژەیاساکە یەکلابکرێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە