رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی پەسندکردنی بودجە و دۆخی سیاسیی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لە بەرانبەر هەر جۆرە هەوڵ و دەستدرێژی و بێ باكییەك بۆ تێكدان و نەهێشتنی هەرێمی كوردستان بە تووندی دەوەستینەوە."
هەرێمی كوردستان، وەک سەرۆک بارزانی دەڵێت، "نەك تەنیا هێڵی سوورە بەڵكو هێڵی مەرگە و یان كوردستان یان نەمانە."
پێشتر، بەگوتەی سەرۆک بارزانی، "گفتوگۆ و رێككەوتنی بنیاتنەر لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بە ئاراستەی نەهێشتنی كێشەكان لە ئارادا بوو. حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە دەرئەنجام و رێككەوتنی زۆر باش و ئیجابی گەیشتبوون بۆ ئەوەی گرفتەكان چارەسەر بكرێن و هەموو لایەک خزمەتی سەقامگیریی وڵات و ژیان و گوزەرانی خەڵك بكەن، كەچی بەداخەوە هەندێك لایەنی سیاسی بە نەفەسێكی نكۆڵیكارانە و نابەرپرسیارانە لەڕێگەی دەستكاریكردنی بڕگەكانی پڕۆژەیاسای بودجە ویستیان وا بكەن هیچ مانایەك بۆ كیانی هەرێمی كوردستان نەمێنێت، بەڵام ئەو هەوڵە نابەرپرسانەیە سەری نەگرت و پووچەڵ كرایەوە."
سەرۆک مەسعود بارزانی گوتی، "رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی پەرلەمانی عێراق پەردەی لەسەر رووی راستەقینەی لایەنە شۆڤێنی و موزایەدەچییەكان و هەموو ئەوانە لادا كە نە رێز لە بەڵێن و واژۆکانیان دەنێن و نە رێزی بنەماكانی دەستووریش دەگرن."
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جێگەی داخێكی زۆرە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵێكی نابەرپرسانە و پێچەوانەی دەستوور بۆ قووڵكردنەوەی كێشەكان و پێشێلكردنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان هەبوو. هەموو لایەك ئاگادارن كە پێشتر گفتوگۆ و ڕێككەوتنی بنیاتنەر لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بە ئاراستەی نەهێشتنی كێشەكان لە ئارادا بوو. هەروەها حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە دەرئەنجام و ڕێككەوتنی زۆر باش و ئیجابی گەیشتبوون بۆ ئەوەی گرفتەكان چارەسەر بكرێن و هەموو لایەك خزمەتی سەقامگیریی وڵات و ژیان و گوزەرانی خەڵك بكەن، كەچی بەداخەوە هەندێك لایەنی سیاسی بە نەفەسێكی نكۆڵیكارانە و نابەرپرسیارانە لەڕێگەی دەستكاریكردنی بڕگەكانی پڕۆژەیاسای بودجە ویستیان وا بكەن هیچ مانایەك بۆ كیانی هەرێمی كوردستان نەمێنێت. بەڵام ئەو هەوڵە نابەرپرسانەیە سەری نەگرت و پووچەڵ كرایەوە. ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی لایەنە شۆڤێنی و موزایەدەچییەكان و هەروەها هەموو ئەوانە لادا كە نە ڕێز لە بەڵێن و ئیمزاكانیان دەنێن و نە ڕێزی بنەماكانی دەستووریش دەگرن.
ئێستاش كە پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا پەسەند كراوە، هیوادارم ئەوەی هەیە بە نیەتێكی پاك جێبەجێ بكرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان، موڵكی گەلی كوردستان و بەرهەمی خوێن و خەباتی گەلی كوردستانە.
لە بەرانبەر هەر جۆرە هەوڵ و دەستدرێژی و بێباكییەك بۆ تێكدان و نەهێشتنی هەرێمی كوردستان بە توندی دەوەستینەوە. بە لای ئێمەوە هەرێمی كوردستان نەك تەنیا هێڵی سوورە بەڵكو هێڵی مەرگە و یان كوردستان یان نەمانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ