یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە پاس گەیشتە مەدینە

11-06-2023
نەهرۆ محەممەد
گەیشتنی ژمارەیەک هاونیشتمانی بە مەدینە بۆ ئەنجامدانی فەریزی حەج
گەیشتنی ژمارەیەک هاونیشتمانی بە مەدینە بۆ ئەنجامدانی فەریزی حەج
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بۆ یەکەمجار 720 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بە 15 پاس گەیشتنە شاری مەدینە بۆ ئەنجامدانی فەریزی حەج. 
 
جەمال ئەلبەدری، بریکاری سەرۆکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق رۆژی یەکشەممە 11-06-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ 720 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بە 15 پاس گەیشتنە شاری مەدینە. ئەمە یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستانەوە هاونیشتمانییان بە پاس بچن بۆ حەج.
 
بریکاری سەرۆکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق گوتی، تائێستا نزیکەی 26 هەزار و 800 حاجی گەیشتوونەتە سعودیە، کە 13 هەزار و 600یان لە شاری مەککە و نزیکەی 13 هەزار و 200 دیکە لە شاری مەدینەن و پرۆسەی گەیشتنی حاجییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە.  
 
رۆژی یەکشەممە 11-06-2023، شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ''سبەی یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئاسمانییەوە گەشت دەکەن.'' گەشتەکە ئێوارەی رۆژی دووشەممە، کاژێر 05:30 خولەکی ئێوارە، لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەستپێدەکات.
 
وەک بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ژمارەی ئەو سەردانیکارانەی بەیانی لە هەولێرەوە گەشت دەکەن 350 کەسە، هەروەها 144 کەسیش لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج گەشت دەکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە 9ی حوزەیرانیش، 690 کەس لە رێگەی وشکانییەوە بۆ یەکەمجار بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، بەرەو شاری مەدینەی سعودیە بەڕێکەوتن.  شێخ نیاز لەوبارەوە گوتی، هەر 9ی مانگ کاروانەکە بە رێوشوێنێکی ئەمنیی چڕ گەیێندراونەتە شاری کەربەلا، لەوێ شوێنیان بۆ دیاری کرا، دوێنێ شەممەش، دوای نوێژی بەیانی بەرەوە سعودیە بەڕێکەوتوون و ئێوارەی ئەمڕۆش دەگەنە شاری مەدینە.
 
تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4 هەزار و 500 دۆلارە و بە رێگەی وشکانیش 3 هەزار و 800 دۆلارە.
 
بەگوتەی شێخ نیاز، ئەمساڵ دوو جار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خول بۆ مامۆستایانی ئایینی وەکو یاوەری سەردانیکارانی حەج کراوەتەوە، بۆ ئەوەی ئامادەی گەشتکردن و هاوکاریی تەواوی حاجییان بن لە گەشتەکەدا.
 
پشکی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان 4 هەزار و 685 حاجییە. جگە لەو 690 کەسەی لە رێگەی وشکانییەوە گەشتیان کردووە، بڕیارە 3 هەزار و 995 هاونیشتمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە گەشتەکەیان بکەن کە یەکەم کاروانی سبەی دەبێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، حەجی ئەمساڵ زۆر قەرەباڵخ دەبێت و رەنگە دەستەبەرکردنی ئاو یان شوێنی مانەوە بۆ سەردانیکاران ئەستەم بێت، ''بۆیە دەبێ بە سەبر بن، حەجکردن گەشتێکی رۆحی و ئەرکێکی ئایینییە و ئەو ئەرکە ئایینییەش ماندووبوونێکی زۆری هەیە.'' 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.