رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێرانی دەڵێت، ئەمڕۆ لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان سوپای پاسداران و گرووپێکی چەکدار لە پارێزگای کرماشان، ئەندامێکی هێزی بەسیج کوژراوە.
عەلی شەعبانی، نوێنەری کاروباری سیاسیی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە میدیای ئێرانی راگەیاند، لە پێکدادانی نێوان پاسداران و گرووپێکی چەکدار، لە یەکێک لە شارەکانی کرماشان، بەسیجێک کوژراوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی چەکدارەکان بەردەوامن کە بە "تاوانکار" ناوی بردوون.
ئەم رووداوە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو، سوپای پاسداران تۆپ و چەکی قورسی ناردە سنووری هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی کە محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانی پاسداران هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی تۆپبارانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد.
ساڵی رابردوو، ئێران ژمارەیەک هێرشی درۆنی و مووشەکی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کە کوژران و برینداربوونی چەندین کەسی لێکەوتەوە، لە نێویشیاندا خەڵکی سڤیل.
دوای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی (کە دواتر باوکی بە رووداوی گوت کچەکەی کوژراوە)، ئێران پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە "تێکدان و ئاژاوەگێڕی" تۆمەتبارکرد، بەڵام پارتە کوردییەکان تۆمەتەکانیان رەتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ