رووداو دیجیتاڵ
ئاگری دارستانەکانی ناوچەی لۆراوەیی و میراولی و نۆخان لەنێوان شارەکانی جوانڕۆ، روانسەر و پاوە کە لە پێنجشەممەوە ئاگریان گرتبوو، بە هەوڵی ژینگەپارێز و ژینگەدۆستان کۆنترۆڵ کرا.
بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی دەورووبەری جوانڕۆ، ژینگەپارێزان لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە خۆیان گەیاندووەتە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە. ئەوان دەڵێن، ژینگەی یەک نیشتمانە و لە کوێ زیانی پێ بگەیێندرێت، لەوێ دەبن.
وێڕای پیاوان، ژنانیش لە کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی جوانڕۆدا بەشدار بوون. ئەوان دەڵێن، ژنانیش دەبێت ئەرکی خۆیان بەرامبەر مەترسییەکانی ژینگە جێبەجێ بکەن، ئەگەر کارێکی سەختی وەکو کوژاندنەوەی ئاگریش بێت.
"ژینگە هی هەمووانە و هەمووانیش دەبێت لە پاراستنیدا بەشدار بن،" ئەوە دروشمی ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستانە؛ دروشمێک کە خەریکە تەواو جێدەکەوێت. لە جوانڕۆ ئەو کەسانەی بە هەر هۆکارێک نەیانتوانیوە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بەشدار بن، کەمپێکیان بۆ هاوکاریکردنی ژینگەپارێزان کردووەتەوە و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەن.
ساڵانە لە سەرەتاکانی دوایین مانگی بەهارەوە، وەرزی ئاگرگرتنی دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێدەکات. بەشی هەرە زۆری ئەو ئاگرانە، هۆکاری مرۆییان هەیە و دارستانەکان دەکرێنە قوربانیی بەرژەوەندیی تاکەکەسی یان ئامانجی ئەمنی و سەربازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ