رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، ژێرخان و ئاسایشێکی باشتری هەیە. هەروەها دەشڵێت، هەوڵ دەدەن سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی زیاتر رابکێشن.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، کە رۆژی سێشەممە 10ی حوزەیرانی 2025 بڵاوکراوەتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە [بەراورد بە عێراق] دۆخێکی باشترمان هەیە؛ ئێمە ئاسایشێکی باشتر و ژێرخانێکی باشترمان هەیە، لەوانەشە ئێمە کەمێک پێش ناوچەکانی دیکەی عێراق دەستمان پێکردبێت."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی شتەکان بە شێوەیەکی راست ئەنجام دەدرێن، هەر لەبەر ئەوەشە پێم وایە کوردستان [بەراورد بە عێراق] شوێنێکی باشترە."
مەسرور بارزانی جەختی لەسەر پلانی حکومەت بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری کردووەتەوە و رایگەیاندووە، "پلانمان هەیە ئابوورییەکەمان هەمەچەشن بکەین، دڵنیابینەوە لەوەی سەرچاوەی جیاوازی داهاتمان هەبێت و تەنیا پشت بە نەوت نەبەستین." ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەوڵدەدەن وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاریدا بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکوەزیران دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە دەروازەیەک بۆ وەبەرهێنان لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا، "هەر کەسێک بیەوێت بێت لە کوردستان وەبەرهێنان بکات، دەرفەتی ئەوەی دەبێت، کە سەیری ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بکات."
مەسرور بارزانی باسی لەوە کردووە، "وەبەرهێنانی بیانی بە شێوەکی گەورە روو لە کوردستان ناکات،" بۆئەوەی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی رابکێشن، بیر لە گۆڕینی یاسای وەبەرهێنان دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ