رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای سنە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی حوزەیرانی 2025، لەسەر رێگەی بیجار – دیواندەرە روویدا.
حەمید رەزا عەبدولمەلکی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی سنە رایگەیاند، "رووداوەکە بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پەیکان و بارهەڵگرێک بووە."
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی سنە گوتی، "لە رووداوەکەدا سێ کەس لە سەرنشینانی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە، کە دوو کەسیان لەناو ئۆتۆمبێلی پەیکاندا بوون و کەسەکەی دیکە شۆفێری بارهەڵگرەکە بووە."
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە، حەمید رەزا عەبدولمەلکی گوتی، "شۆفێری پەیکانەکە خەوی لێکەوتووە و بەو هۆیەوە خۆی لە بارهەڵگرەکە داوە."
عەبدولمەلکی ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەزاران کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن.
بەگوێرەی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ