رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەیەوێ لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات؛ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسە بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی رێکخست و پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویش ئامادە بوو.
ئایشەگوڵ دۆغان باسی لە سەردانی عومەر ئۆجەلان، عەلی ئۆجەلان و کوڕەکانی عەلی ئۆجەلانی برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئیمرالی لە دووەم رۆژی جەژن کرد و رایگەیاند، دوای 26 ساڵ یەکەمجار بوو ئۆجەلان لە نزیکەوە چاوی بە منداڵ بکەوێ.
ئایشەگوڵ دۆغان لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوویان قسەی کرد و گوتی: "پلانمان هەیە لە نزیکترین کاتدا سەردانی ئیمرالی بکەین. شاندەکەمان لە هاوسەرۆکان و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی پێکدێت. بۆ باشتر تێگەیشتن لە پرۆسەکە، ئامادەیی باشتر بۆ خۆرێکخستنەوەی زیاتر و بۆ پرس و راوێژ، سەردانی بەڕێز ئۆجەلان دەکەین."
ئایشەگوڵ دۆغان گوتی: "ئەگەرێکی بەهێز هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕێز ئۆجەلان گفتوگۆی لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە سیاسییە جیاوازەکان هەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی قەبارە و قورسایی و سەنگینی پرۆسەکە، بەڕێز ئۆجەلان پێی وایە دیداری لەگەڵ هەریەک لە بەڕێزان مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەزڵووم عەبدی، قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی سوودی دەبێت. دەزانین کار دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە دیدارانە، بۆیە ویستمان رای گشتی ئاگادار بکەینەوە بەوەی ئەمە داواکاری بەڕێز ئۆجەلانە و ئێمەش پێمان وایە سوودی دەبێت. ئەنجامدانی ئەو جۆرە دیدارانە لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکان زۆر گرنگە و بۆ قۆناخەکانی داهاتووی پرۆسەکە پێویستە."
ئایشەگوڵ دۆغان گوتی، ئەگەر دەرفەتی کاری ئازادانە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بدرێت، هەموو ئەو نیگەرانییەی دوای قۆناخی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەک دانانی پەکەکە هەیە دەڕەوێندرێنەوە؛ گوتیشی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان "خۆی خاوەنی دەستپێشخەرییە و پێویستە رێگەی پێ بدرێت لەگەڵ هەمووان پەیوەندی هەبێت. ئەمە رێگە راستەکەیە. ئەمە یەکێکە لە چاوەڕوانییەکانمان."
لەبارەی دامەزراندنی لیژنەیەکی تایبەت و پەیوەندیدار بۆ پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا، گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند: "ئەم لیژنەیە دوای دامەزراندن و کاراکردنی، وەڵامی هەموو پرسیارەکان دەداتەوە و هەموو نیگەرانییەکان دەڕەوێنێتەوە. ئەو لیژنەیە نەخشەڕێگە و ئاسۆی قۆناخەکە روون و دیاری دەکات".
ئایشەگوڵ دۆغان باسی لەوەشکرد: "هەرچەندە لە رۆژانی داهاتوودا پەرلەمانی تورکیا دەچێتە پشووی فەرمی، بەڵام ئەرکی سەرشانی سەرۆکی پەرلەمانە پێش دەستپێکردنی پشووەکە دەستپێشخەری بکات بۆ کۆکردنەوەی سەرۆک و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان لەپێناو پێکهێنانی لیژنە و دیاریکردنی میکانیزمی کارکردنی و داڕشتنی کارنامەی لیژنەکە، چونکە ئەمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و بۆ دیموکراسیبوونی تورکیایە".
هەر سەبارەت بە کەیسی لیژنە پەرلەمانییەکە، گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند، سەردانی لایەنە سیاسییەکانیان کرد و گوتی: "ئۆپۆزسیۆن چاوەڕوانی هەیە دەیانەوێ بەشێوەیەکی کارا لە پرۆسەی چارەسەریدا رۆڵ بگێڕن. بۆ ئەمەش پێویستیان بە زانیارییە لە کۆی رووداو و پێشهاتەکان. داوای شەفافییەت دەکەن لەم پرۆسەیەدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ