رووداو دیجیتاڵ
شڤان پەروەر، هونەرمەندی ناوداری کورد لە پەیامێکدا بە سێ زمانی کوردی، تورکی و ئەڵمانی، جەخت لەسەر گرنگیی هیوا و پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، "کوردستان وەک 100 ساڵ لەمەوبەر نییە."
لە پەیامەکەیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، شڤان پەروەر دەڵێت: "سڵاو و خۆشەویستی، باوەڕتان بە رۆژانی باشتر هەبێت و هیوا لەدەست مەدەن. گوێ لە خەڵکی خراپەکار و نەرێنی مەگرن."
ئەو هونەرمەندە ئاماژە بە گۆڕانی کوردستان دەکات و دەڵێت: "کوردستان وەک کوردستانی 100 ساڵ لەمەوبەر نییە. لە نیشتمانی ئێمەدا شارستانییەت و کولتوورێکی ئاشتی سەریهەڵداوە. خواست و حەسرەتی ئاشتی تەنیا بۆ مرۆڤە بەهێزەکانە. ئێمە بەهێزین."
شڤان پەروەر باس لەوە دەکات: "ئێمە سەلماندوومانە لەم ناوچەیەدا کە گیانمان بۆ هەناسەدان تێیدا بەخت کردووە، بۆ هەمیشە دەژین. ئێستا کاتی ئەوەیە هەوڵبدەین بۆ ژیانێکی ئاشتییانە لەگەڵ هەموو گەلاندا، تاوەکو منداڵەکانمان لە کەشێکی ئاشتیتردا بژین."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوا دەکات: "پێویستە گۆرانییەکانمان زیاتر لە هەموو کاتێک بۆ ئاشتی بن. بۆ ئاشتی و ژیانێکی ئاشتییانە لەگەڵ گەلانی دراوسێمان."
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
سێی حوزەیرانی ئەم ساڵ لە لەندەن، لەلایەن سەنتەری پێشکەوتنی کوردەوە بەرنامەیەکی تایبەت بۆ 50 ساڵەی هونەری شڤان پەروەر ئامادەکرا.
لەو بۆنەیەدا شڤان پەروەر باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی، "لە تورکیا لەلایەن حکومەتەوە هەندێک هەوڵ بۆ گۆڕانکاری دەنرێن و هیوادارم ئەم پرۆسەیە لەوێ سەرکەوتوو بێت و ئێمەش بچین پیرۆزباییان لێبکەین، بڵێین سوپاس، دەستخۆش، کارێکی باشتان کرد و خۆتان گۆڕی."
ئەو هونەرمەندە ناودارەی کورد لەو بۆنەیەدا باسی لە رۆڵی بەریتانیا کرد و داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی بۆ کورد لە بەریتانیا کرد و گوتی، "ئێستا زمانی ئینگلیزی لەناو سێ ملیار کەسدا قسەی پێدەکرێت. ئەمریکا، نیوزلەندا، کەنەدا و زۆر دەوڵەتی دیکە بە دەستی بەریتانیا دروستکران. "هیوادارین بەریتانیا کوردستانێکیش بۆ ئێمە دروست بکات"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ