رووداو دیجیتاڵ
دەنگۆی جیاواز لەسەر بەنداوی دووکان بڵاودەبێتەوە، لەوانە ئەگەری وشکبوون یان نەمانی ئاو تێیدا. بەڕێوەبەرەکەی دەنگۆکان رەتدەکاتەوەو دەڵێت، بەگوێرەی بارانی ئەم ساڵ بەنداوەکە لە ئاستی خۆیدایە.
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوانەی دەگوترێت لەسەر بەنداوەکە بێ بنەمان، بەگوێرەی دۆخەکە ئاو لە بەنداوەکەدا هەیە."
بەنداوی دووکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا زیاتر لە سێ بەشی بەنداوەکە بێ ئاوە. بە گوتەی کۆچەر جەمال، ئێستا بەنداوەکە 23.5% ئاوی تێدایە.
بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژانە بەگوێرەی خشتەی بەردەستیان و هەبوونی ئاو لە بەنداوەکەدا، ئاو بەردەدەنەوە و بەردانەوەی ئاو نەوەستاوە.
دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان بەنداوی دەربەندیخانە هەر لە پارێزگای سلێمانی، کە توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەگوێرەی بەرپرسانی ناوچەکە، بەنداوەکە تاوەکو نزیکەی مانگێک لەمەوبەر بە نیوە ئاوی تێدا بوو.
بەنداوی دهۆک لە هەرێمی کوردستان سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و مانگێک لەمەوبەر نزیکەی 75%ی بەنداوەکە ئاوی تێدا بوو.
جگە لەو بەنداوانە، ژمارەیەکی دیکە بەنداو و گۆم لە هەرێمی کوردستان دروستکراون و ساڵانە ئاویان تێدا گل دەدرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ