رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر دەڵێت، سبەی لە سایلۆی هەولێر دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی حوزیرانی 2025، میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی کاژێر 10:00ـی بەیانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەرگای سایلۆی هەولێر بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکرێتەوە."
لە هەولێر دوو سایلۆی وەرگرتنی گەنم هەن؛ هەولێر و قوشتەپە. لەبارەی سایلۆی قوشتەپە میران بەختیار گوتی: "ئەم ساڵ گەنم لەو سایلۆیە وەرناگیرێت، چونکە گەنمی پاری تێدا ماوە و پڕە."
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتیشی: "لە سبەیەوە جووتیاران دەتوانن گەنمەکانیان بهێننە سایلۆ و ماوەی 45 رۆژیان لەبەردەستدایە".
بە گوتەی بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، لە کۆی 400 هەزار تۆن گەنم، 122 هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر تەرخانکراوە.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە تەنیا 400 ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان داوای زیادکردنی بڕەکەی کردووە و تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
ئەو 400 هەزار تۆن گەنمە بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشکراوە:
پارێزگای هەولێر: 122 هەزار و 600 تۆن
پارێزگای سلێمانی: 145 هەزار و 567 تۆن
پارێزگای دهۆک: 117 هەزار و 911 تۆن
پارێزگای هەڵەبجە: 13 هەزار و 923 تۆن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ