رووداو دیجیتاڵ
لە مەسقەتی پایتەختی عومانەوە، کە بە "پایتەختی ئاشتەوایی کەنداو" ناسراوە، گەشتێکی دوورودرێژ و پڕ لە نهێنی دەست پێدەکات. گەشتێک کە زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە و ئامانج لێی شوێنپێ هەڵگرتنی زمانێکی کۆن و دۆزینەوەی پەیوەندییەکی کولتووریی چاوەڕواننەکراوە. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئاخۆ هۆزی کۆمزاری لەوپەڕی باشووری کەنداو، پاشماوەی کۆچێکی دێرینی کوردن؟ ئایا ئەو زمانەی قسەی پێدەکەن، شێوەزارێکی کوردییە یان زمانێکی سەربەخۆیە کە تەنها وشەی لە کوردییەوە وەرگرتووە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، رێگایەکی سەخت و دوور دەگیرێتەبەر. سەرەتا گەشتێکی ئاسمانیی یەک کاژێری بەرەو پارێزگای موسەندەم لە دوایین خاڵی سنووریی عومان، و دواتر گەیشتن بە شاری خەسەب. لێرەوە، رێگای وشکانی کۆتایی دێت و دەروازەی دەریا دەکرێتەوە. چل کیلۆمەتری داهاتوو دەبێت بە بەلەمێکی خێرا بە نێو ئاوی شینی کەنداودا ببڕدرێت تا بگەینە گوندی "کۆمزار".
عەبدوڵڵا کۆمزاری، کاپتنی بەلەمەکە و پیاوێکی دنیادیدە کە چل ساڵە لەنێوان خەسەب و کۆمزاردا لە هاتووچۆدایە، باس لە سروشتی تووڕەی دەریا دەکات: "دەریا زۆرجار مەترسیدارە، شەپۆلەکانی بەرزن و بای بەتین هەڵدەکات. ئەگەر کەشوهەوا باش نەبێت، ناتوانین بێینە دەریاوە چونکە مەترسیی تێکشکان هەیە." بە درێژایی رێگاکە، لە لایەکەوە زنجیرە شاخە سەختەکان و لە لایەکەی دیکەوە گەرووی ستراتیژیی هورمز، دیمەنێکی سەرنجڕاکێشیان دروست کردووە، لەگەڵ نمایشە دڵڕفێنەکەی دۆلفین و باڵندە دەریاییەکان.
کۆمزار: گوندێک لەنێوان شاخ و دەریادا
دوای زیاتر لە کاژێرێک، گوندی کۆمزار لە دوورەوە دەرکەوت؛ کۆمەڵێک خانووی سپی کە لە باوەشی شاخێکی قەڵغانی و لە کەناری دەریایەکدا خۆیان حەشارداوە. گوندێکی دوورەدەست کە زیاتر لە چوار هەزار کەس لە نزیکەی 270 ماڵدا ژیان بەسەر دەبەن. بژێوی سەرەکییان لەسەر راوەماسییە، کە پیشەیەکی باوباپیرانیانە. بەدر، یەکێک لە ماسیگرەکانی گوندەکە، دەڵێت: "لە نوێژی بەیانییەوە دەچینە دەریا. جاری وا هەیە 500 کیلۆ و هەندێکجاریش هەزار کیلۆ ماسی راو دەکەین. وەرزی هاوین باشترین کاتە، چونکە ماسی زیاتر دێتە سەر ئاو."
بەڵام پرسیارە گەورەکە لێرەدا سەر هەڵدەداتەوە: چۆن دەکرێت ئەم خەڵکە، کە هەزاران کیلۆمەتر لە جوگرافیای کوردستانەوە دوورن، هەمان وشەکانی ئێمە بەکاربێنن؟ یەکەمین بەڵگەی سەرسوڕهێنەر، وشەی "پسئامۆ" و "دۆتئامۆ"یە کە بۆ ئامۆزازادەکان بەکاریدەهێنن؛ دوو وشەی رەسەن کە لە شێوەزارەکانی کرمانجیی سەروو و کەلهوڕیدا وەک خۆیان ماونەتەوە.
شوێنپێی وشەکان: پردی پەیوەندیی نێوان کوردی و کۆمزاری
لێکچوونەکان تەنها لەم دوو وشەیەدا قەتیس نابن. وشەگەلێکی وەک "ئاو"، "دەریا"، "بەرم" (بۆ شەپۆل) و "تڕادی" (بۆ بەلەم)، دەرگایەکی فراوانتر لە بەردەم لێکۆڵینەوەکەدا دەکەنەوە. محەممەد حەسەن، پیاوێکی خانەنشینی گوندەکە، بە حەماسەتەوە ئاماژە بە ئەندامانی لەشی دەکات و دەڵێت: "بە کۆمزاری ئەمە دەستە، ئەمە لنگت (پێ)، ریش، روو، نخروت (لووت)، شوم (چاو)، حێجب (برۆ)، گۆش (گوێ)، مۆخ (مێشک)، پا، ورگ. هیچ جیاوازییەک لەنێوان کورد و کۆمزارییەکان نابینم، کاتێک گوێم لێتان بوو، هەستم کرد لە کولتوور و خواردن و قسەکردندا وەک یەکین."
ئەم نزیکایەتییە زمانییە لەلایەن سەرچاوە مێژوویی و ئەکادیمییەکانیشەوە پشتگیری کراوە. یاقوتی حەمەوی، مێژوونووسی ناودار، لە کتێبی "موعجەمولبولدان"دا کۆمزارییەکان بە "لوڕ و ئێرانی" دادەنێت. لێکۆڵەرە ئەوروپییەکانیش، وەک زمانناسی فەرەنسی مەکسیم تابت، ئاماژە بەوە دەکەن کە لە زمانی کۆمزاریدا چەندین پیتی وەک (ێ، ۆ، چ، پ، ڵ) هەن کە لە زمانی عەرەبیدا نین، بەڵام لە زمانی کوردی و فارسیدا باون. عەلی عەبدوڵڵا، یەکێکی دیکە لە دانیشتووان، دەڵێت: "باپیرم کە لە تەمەنی 127 ساڵیدا وەفاتی کرد، دەیگوت کاتێک من هاتوومەتە دنیا، کۆمزار هەر هەبووە و خەڵکەکەی بەم شێوەیە قسەیان کردووە. پێموایە زمانی کوردی نزیکترین زمانە لێمانەوە."
کولتوور و مێژوو: هاوبەشییەکی قووڵتر
پەیوەندییەکە تەنها لە وشەدا تەواو نابێت. پیرە پیاوێکی گوندەکە، سروودێکی کۆنیان دەچڕێت کە پێی دەڵێن "نەدبە"؛ ئاواز و شێوازەکەی زۆر لە "هۆرە"ی ناوچەی کەلهوڕنشینی رۆژهەڵاتی کوردستان دەچێت. لە ماڵێکی دیکەدا، عەلی زەید، کاسبکارێکی خەڵکی کۆمزار، مەشکەیەکی پێشانداین و گوتی: "ئەمە مەشکەیە. شیرمان تێدەکرد و دەمانشەقاند تا دەبووە دەو."
مێژووی کۆمزارییەکان بە تەواوی روون نییە، بەڵام خۆیان پێیانوایە مێژوویان بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و لە سەردەمی ساسانییەکاندا ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بووە. لە سەدەی 16 و 17دا پورتوگالییەکان دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرتووە و قەڵایەکیان لە خەسەب بۆ کۆمزارییەکان دروست کردووە، کە تائێستاش ماوەتەوە و وەک سیمبولێکی مێژوویی پارێزراوە.
زمانێک لە بەردەم مەترسیی لەنێوچووندا
سەرەڕای ئەم دەوڵەمەندییە کولتووری و زمانییە، کۆمزار و زمانەکەی رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بوونەتەوە. دوورەدەستی و نەبوونی رێگای وشکانی، وایکردووە کچانی گوندەکە دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی، لە خوێندنی زانکۆ بێبەش بن. خەدیجە محەممەد، یەکێک لەو کچانە، بە خەمەوە دەڵێت: "ناوم لە زانکۆ دەرچوو، بەڵام نەچووم، چونکە زۆر دوور بوو. دەبوو بە دەریا دا بچمە خەسەب، لەوێوە بە فڕۆکە بۆ مەسقەت و دواتریش بە پاس بۆ زانکۆکەم."
مەکییە حەسەن، نووسەر و لێکۆڵەرێکی کۆمزاری، باس لە مەترسییەکانی سەر زمانەکەیان دەکات و ئەو گریمانەیە بەدوور نازانێت کە بنەچەیان کورد بێت: "ئایا گریمانە هەیە کە کوردەکان لە دێرزەمانەوە کۆچیان کردبێت بۆ ئێرە؟ دەڵێم بەڵێ، رەنگە وابێت. بەڵام ناتوانم ئەمە بە دڵنیاییەوە بڵێم، چونکە پێویستمان بە بەڵگەی زانستی هەیە. بەڵام وەک گریمانەیەک، ئەمە راستە تا ئەو کاتەی پێچەوانەکەی دەسەلمێنرێت."
رێکخراوی یونسکۆ زمانی کۆمزاری خستووەتە لیستی ئەو زمانانەی کە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە. ئەم زمانە زیندووە، کە پردێکی مێژوویی نێوان دوو جوگرافیای دوورە، ئەگەر بایەخی پێ نەدرێت، رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ شەپۆلەکانی دەریای عوماندا تێکەڵ بێت و بۆ هەمیشە بێدەنگ ببێت. گەشتەکە لێرەدا کۆتایی دێت، بەڵام پرسیارەکان و ئەو راستییە سەرسووڕهێنەرەی کە لەودیو هەزاران کیلۆمەترەوە، خەڵکانێک بە زمانێکی زۆر نزیک لە کوردی دەدوێن، وەک چیرۆکێکی تەواونەکراو دەمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ