رووداو دیجیتاڵ
نەسرەدین ئیبراهیم، ئەندامی شاندی هاوبەشی کوردیی رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان داوای سیستمی ناناوەندی لە حکومەتی شام دەکەن.
نەسرەدین ئیبراهیم ئاماژەی بەوە کرد، وەک شاندی هاوبەشی کوردی لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەی خۆیان دەکەن و دواتریش داوای کۆبوونەوە لە حکومەتی شام دەکەن و کەی وەڵامیان درایەوە، دەچنە شام.
شاندە کوردییەکە دوای "کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردی رۆژئاوای کوردستان" لە 4ی حوزەیران پێکهێنرا. لە 9 کەس پێکهاتووە، نەسرەدین ئیبراهیم لەبارەی ژمارەی ئەندامانی شاندی کوردییەوە روونیکردەوە، کە بۆ فراوانکردنی شاندەکە پێشنیاز هەن و گوتی: "پێش ئەوەی بچینە شام کۆبوونەوەیەکی دیکەمان دەبێت. رەنگە ژنێکی ئەکادیمیی سەربەخۆ لە هەرێمی عەفرین ببێتە ئەندامی شاندەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوی دیاری نەکراوە". گوتی "ئێمە هیوادارین گەلەکەمان و هەموو رۆشنبیر و سیاسەتمەدارێک پاڵپشتیی شاندەکەمان بکەن."
ئیبراهیم ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەی داهاتوویاندا چەند لیژنەیەک پێکدەهێندرێن و گوتەبێژێکیش بۆ شاندەکەیان دیاری دەکرێت.
ئەندامەکەی شاندی هاوبەشی کوردی ئاشکرای کرد، دانوستاندنەکانیان لەگەڵ شام، لەسەر بنەمای ئەو خاڵانە دەبێت، کە لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردی رۆژئاوای کوردستان لەسەری رێککەوتوون.
نەسرەدین ئیبراهیم لەبارەی داواکارییەکانی کورد کە ئاراستەی شامی دەکەن، رایگەیاند ئەوان داوای سووریایەکی ناناوەندیی دیموکراتی و فرەلایەن دەکەن، کە مافی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی تێدا پارێزراو بێت و گوتی: "ئەو سیستمی ناناوەندییەی کە ئێمە دەمانەوێت، دەبێت بەگوێرەی بارودۆخی سووریا و پێکهاتەکانی بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو هەرێمە ناناوەندییانە خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن و خۆیان بڕیارەکانیان بدەن."
گوتیشی "ئامانجمان ئەوەیە ناوچە کوردییەکان لە رووی سیاسی و جوگرافییەوە یەک بن و ئێمە بۆ ئەوە کار دەکەین."
بە گوتەی نەسرەدین ئیبراهیم، "سیستمی ناناوەندی سووریا پارچە ناکات، بەپێچەوانەوە یەکپارچەیی سووریا بەهێز دەکات"
رێکەوتی 8ی کانوونی یەکەمی 2024، دوای هێرشێکی خێرای هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و کۆنترۆڵکردنی دیمەشقی پایتەخت، رژێمی ئەسەد کۆتایی پێهات.
ئێستا ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریایە و کورد دەیەوێ لە سووریای دوای ئەسەد مافەکانی دیاربکرێ، پێکهێنانی ئەو شاندە بۆ مەبەستی دانوستاندنە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ