رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی کاروباری کارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیران پلەبەرزکردنەوەی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دوو، کە یەکێتییە لە لیوا روکنەوە بۆ فەریق رەتدەکاتەوە، سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی پێشمەرگە هۆکارەکەی بۆ ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەگەڕێنێتەوە.
بەپێی نووسراوێک، کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجوومەنی وەزیران پلەبەرزکردنەوەی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دوو، کە (یەکێتی)یە لە لیوا روکنەوە بۆ فەریق رەتکردووەتەوە.
هێزەکانی پشتیوانی دوو، بە فەرمانی ژمارە 228ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لە رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی 2022، لەسەر یەکەی 70ـەوە گواسترانەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
بەپێی نووسراوی ژمارە 2646ـی 25-6-2023ـی فەرمانگەی کاروباری کارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیران، کە لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە واژۆکراوە و بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەناونیشانی "پلەبەرزکردنەوە" هاتووە: "رەزامەندی رێزدار سەرۆکوەزیران وەرنەگیرا لەسەر پلەی بەڕێز لیوان روکن مەریوان محەممەد ئەمین حەسەن".
نووسراوەکە وەڵامی نووسراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەیە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە (أ/ض/5/3670) لە 19-2-2023 نێردراوە و تایبەتە بە بەرزکردنەوەی پلەی لیوا روکن مەریوان محەممەد ئەمین حەسەن بۆ پلەی فەریق.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەیەکە ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە درکی پێدەکرێت و لەسەر چەند بابەتێک ناکۆکن، لە رۆژانی رابردووشدا ژمارەیەک نووسراو ئەوەی سەلماند، بۆیە ئەو راگرتنەش پەیوەندیی بەو بابەتەوە هەیە."
لیوا روکن مەریوان هەمەوەندی، فەرماندەی هێزی پشتیوانی دوو، کە پلەبەرزکردنەوەی رەتکراوەتەوە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە دوو هێزی پشتیوانی یەک و دووین، هێزەکانی پشتیوانی یەک کاک شێخ سیهاد بارزانی سەرپەرشتی دەکات و سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، هێزی پشتیوانی دووش بەندە سەرپەرشتی دەکەم، سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، هەردوو هێزەکە پێکەوە چووینەتە سەر وەزارەت بەیەک پێکهاتە و شێوە و پۆست، ئەو پلە بەرزکردنەوەی بۆ کراوە و سەرۆکی حکومەت خۆی پلەکەی بۆ بەست، منیش بەهەمانشێوە لە رووە یاساییەکەی وەکو ئەو شوێن و میلاکم هەیە و وەزارەتی پێشمەرگە نووسراوی کردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و سەیرم پێدێت کە رەتیکردووەتەوە."
سەبارەت بە هۆکاری رەتکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەکەی، لیوا روکن مەریوان هەمەوەندی گوتی: "نازانم بۆچی رەزامەندی لەسەر ئەوەی من نەدراوە، لەبەر ئەوەی لە بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجم تاوەکو نەگەڕێمەوە نازانم بۆچی ئەوەی من رەتکراوەتەوە."
لە هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەن هێزی خۆیانن، کە ئەوانیش یەکەکانی 70 و 80ن. وەزارەتی پێشمەرگەش خاوەنی 22 لیوایە کە ژمارەیان بە فەرمی 125 هەزار پێشمەرگە دەبێت. دوو لەو لیوایانە لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ