رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە 10-07-2023، لە هەردوو گوندی گورگاوێ و کانیگوێزی شاری رەبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە 50 هێکتار زەوی کشتوکاڵی ئاگریان گرت و خاوەنی زەوییەکان، زیانەکان بە پێنج ملیار تمەن دەخەمڵێنن.
زەوییەکان تایبەت بوون بە گەنم، ترش، ترێ و جۆ، جووتیاران دەڵێن، جگە لە بەرهەمەکانیان کە رەنجی ساڵێک کارکردنیان بووە و بووەتە خۆڵەمیش، ژمارەیەکیش دار و ئاژەڵی نێو زەوییەکان وەک رێوی و بەراز و کوللە سووتاون.
دوو کەس بە سواری ماتۆڕسیکلێکەوە، وەک جووتیارەکان دەڵێن، بوونەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە و داوا لە خەڵک دەکەن، کاتی چوونیان بۆ ئەو ناوچانە، ئاگاداری جگەرە و ئەو ئاگرانەبن کە دەیکەنەوە بۆ دروستکردنی چایی و خواردن.
عوسمان، جووتیارێکە و دەڵێت، زۆر هەوڵی داوە رەنجی کارکردنەکەی بەوجۆرە نەبێتە خۆڵەمێش، بەڵام ئاگرەکە هێندە زۆر بووە، هیچیان لەدەست نەهاتووە.
جگە لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، زیانێکی زۆر بە ژینگەی ناوچەکە کەوتووە و جووتیاران دەڵێن، بەهۆی ئاگرەکەوە چەندین دار و دەیان جۆرە ئاژەڵیش لە ئاگرەکەدا لەنێوچوون.
کۆی گشتیی زەوییە کشتوکاڵییەکانی شاری سەردەشت و شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەری، 30 هەزار هێکتارە و لە مانگی رابردوودا چەندین ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە دارستانەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچەیە روویانداوە کە بوونەتە هۆی لەنێوچوونی زیاتر لە 60 هێکتار بەروبوومی جووتیاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ