رووداوە مێژووییەکە؛ بەشێک لە گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دادەنێن

11-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دەڤەری راپەڕین لە کاژێر 8 بۆ 9ـی بەیانیی ئەمڕۆ چەکەکانیان دادەنێن. بڕیارە دوای کاژێر 11 دیمەنەکان بۆ رای گشتیی بگوازرێنەوە.
 
چەکدانانەکە وەکو پێشاندانی نیازپاکییە لە لایەن پەکەکەوە کە ئامادەیە دەستبەرداری خەباتی چەکداری ببێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو ژمارەی ئەو گەریلایانەی چەکەکانیان دادەنێن لەنێوان 33 بۆ 44 گەریلایە.
 
شاندێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە باکووری کوردستانەوە هاتووە و ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبن. بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە، لە حکومەتی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان کێ بەشداری لە رێورەسمەکە دەکات. 
 
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی سەبارەت بە رێورەسەمەکە گوتی "هاوسەرۆکە گشتییەکانمان، هاوگوتەبێژی پیکهاتەکانمان، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و ئەندامانی دەستەی بەرێوەبەرایەتی ئامادەدەبن.
 
چەکدانان کۆتایی نییە، بەڵام سەرەتایەکی دیکەیە
 
پرۆسەی چارەسەری لە باکووری کوردستان و تورکیا بە چەکدانان دەچێتە ناو قۆناخێکی نوێ، بەڵام ئەمە نابێتە دوایین قۆناخی پرۆسەکە، پیدەچێت ئەمە سەرەتاییەکی دیکە بێت بۆ پرۆسەکە. بەپێی سەزای تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، پرۆسەکە بە چەکدانان چارەسەر نابێت و دەبێت گەرەنتییەکی یاسایی هەبێت. 
 
دوای چەکدانان، چی روودەدات؟
 
دوای دیمەنە سیمبۆلییەکەی چەکدانان، چاوەکان بەرەو تورکیا دەچن، چاوەڕێی حکومەت و پەرلەمانی تورکیا دەکرێت کە هەنگاوی نوێ بنێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە. رۆژی شەممە، رەجەب تەیب ئەردۆگان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری گۆتارێک پێشکێشدەکات کە بەپێی عومەر چەلیک، گۆتەبێژی ئاکپارتی، گۆتارێکی مێژووی دەبێت.
 
ئەم هەنگاوە دوای بانگەوازێکی مێژوویی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ دێت، کە تێیدا داوای لێکردن کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنن و رێگەی دیموکراتی بگرنەبەر بۆ بەرگریکردن لە مافی کورد لە باکووری کوردستان.
 
ئەمانەی خوارەوە 5 وێستگەی سەرەکیی مێژووی ئۆجەلان و پەکەکەن، کە خەباتی چەکدارییان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی، بووە هۆی ململانێیەک کە زیاتر لە 40 هەزار کەسی تێدا کوژرا.
 
1978-1984 دامەزراندنی پەکەکە و دەستپێکردنی خەباتی چەکداری:
 
پەکەکە، کە ئایدیایەکی مارکسی- لینینی هەبوو، لە ساڵی 1978 لەلایەن ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی ئەنقەرەوە دامەزرا، بە ئامانجی سەرەکیی رزگارکردنی کورد لە رێگەی خەباتی چەکدارییەوە. ئەوان ئۆجەلانیان، کە خوێندکاری زانستە سیاسییەکان بوو، وەک رێبەر هەڵبژارد.
 
کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980ی تورکیا، پەکەکە و سەرکردەکەی ناچارکرد روو لە سووریا و لوبنان بکەن. دواتر لە ساڵی 1984دا، پارتەکە دەستی بە خەباتی چەکداری کرد. 
 
گەریلاکانی لە دۆڵی بیقاعی لوبنان، لە رۆژهەڵاتی بەیروت، راهێنانیان دەکرد و هاوکات هێرشیان دەکردە سەر بنکە و کاروانە سەربازییەکانی تورکیا.
 
تورکیاش وەڵامی دایەوە و شەپۆلێکی تووندوتیژی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە باکووری کوردستان، کە ناوچەکەی خستە دۆخێکی نزیک لە شەڕی ناوخۆییەوە.
 
1999دەستگیرکردنی ئۆجەلان:
 
لە ساڵی 1998 ئۆجەلان ناچارکرا سووریا بەجێبهێڵێت، دوای ئەوەی ئەنقەرە هەڕەشەی لە دیمەشق کرد لەسەر پاڵپشتیکردنی پەکەکە. دواتر ئۆجەلان لە نێوان چەند وڵاتێکی ئەورووپیدا هاتووچۆی کرد.
 
لە کۆتاییدا رۆژی 15ـی شوباتی 1999 لە کینیا دەستگیرکرا، گەڕێندرایەوە بۆ تورکیا و سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. دواتر لە دوورگەی ئیمراڵی، لە نزیک کەناراوەکانی ئیستەنبووڵ، خرایە ژووری تاکەکەسییەوە.
 
لە ساڵی 2002 سزاکەی بۆ زیندانیی هەتاهەتایی گۆڕدرا، کاتێک تورکیا وەک بەشێک لە چاکسازییەکان بۆ چوونە نێو یەکێتیی ئەورووپا، دەستی بە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان کرد.
 
2013-2015 ئاگربەستێکی ناسک:
 
ئۆجەلان لە پەیامێکدا لە 21ـی ئاداری 2013، لە جەژنی نەورۆزدا، داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێن، وەک بەشێک لە دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی ئەو کات و سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا.
 
پێشتر دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) لە ئۆسلۆ دانوستاندنی لەگەڵ پەکەکە کردبوو، بەڵام ئاگربەستەکە لە تەممووزی 2015دا هەڵوەشایەوە، دوای تەقینەوەکەی شاری سرووج لە نزیک سنووری سووریا.
 
2015-2016 شەڕی خەندەق:
 
تورکیا بنکەکانی پەکەکەی لە عێراق بۆردوومان کرد و ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی لەنێوخۆی وڵاتدا کرد. پەکەکەش بە "شەڕی شارەکان" کە بە شەڕی خەندەقیش ناسرا، وەڵامی دایەوە.
 
رۆژانە شەڕی قورس لە شارەکانی باکووری کوردستان روویاندا، لەنێویاندا شاری ئامەد.
 
پەیوەندییەکان دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 خراپتر بوون، حکومەت دەستی بە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی سیاسەتمەدارانی کورد کرد. 
 
2024-2025 پەکەکە کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت
 
دوای دەیەیەک لە چەقبەستوویی کە جاروبار هێرش تێیدا روویدەدا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، کە هاوپەیمانێکی ناسیۆنالیستی تووندی ئەردۆغانە، لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، داوای لە ئۆجەلان کرد واز لە خەباتی چەکداری بهێنێت. 
 
دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ بە نێوەندگیریی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەستیپێکرد و لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ، ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی کرد و داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و گەریلاکانیشی چەک دابنێن لە بەرامبەر دەست بە خەباتێکی دیموکراتی بۆ مافەکانی کورد لە تورکیا بکرێت.
 
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر قەندیلن، کە چەندین ساڵە بووەتە شوێنی حەوانەوەی گەریلاکانی پەکەکە. پەکەکە بڕیاری داوە، لە مەراسیمێکی سیمبولیکدا چەکەکانی دابنێت، دواتر چاوەکان دەکەونە سەر پەرلەمانی تورکیا کە هەندێک هەنگاوی یاسایی بنێت بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو گەریلایانەی چەک دادەنێن و لەگەڵ ئەو هەزاران زیندانییە کوردانەی ساڵانێکە بە تۆمەتی پشتگیری لە پەکەکە، خراونەتە زیندانەکانەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.