بەسێ هۆزات: داوای ئازادکردنی ئۆجەلان و گەرەنتی بۆ گەڕانەوەی گەریلا دەکەین

11-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ گرووپێکی 30 کەسیی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکەیان لەنێودابوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، چەکەکانیان سووتاند. بەسێ هۆزات داوای چەند هەنگاوێک لە حکومەتی تورکیا دەکات. 
 
بەسێ هۆزات ئەم ئێوارەیە بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند: "ئێمە ئامادەین و خوازیارین بچینەوە تورکیا بۆ ئەوەی سیاسەتی دیموکراسی بکەین، درێژە بە تێکۆشانمان لەپێناو ئازادی و دیموکراسیدا بدەین."
 
بەسێ هۆزات دەڵێ: "پێویستە دەوڵەتی تورکیا مافی بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراسیمان پێبدات. ئەگەر تورکیا هەنگاوی کرداری بنێت، یاسا دەربکات و چاکسازیی یاسایی ریشەیی بکات، ئێمە دەچینەوە تورکیا و بەشداری لە سیاسەتدا دەکەین."
 
هاوسەرۆکی کەجەکە هۆشداریشیدا لەوەی کە بەبێ گەرەنتی یاسایی و دەستووری، گەڕانەوەیان ئەستەم دەبێ و رایگەیاند: "ئەگەر رێککەوتنی یاسایی و دەستووری نەبێت، یان زیندانی دەکرێین یان دەکوژرێین. دەبێت گەرەنتی گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە بۆ تورکیا بکرێت."
 
بەسێ هۆزات هەروەها دەڵێ: "مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ لە رێگەی گەرەنتیی یاساییەوە شتێکی بنەڕەتییە... ئەمە مەرجی سەرەکی و داواکاریی یەکەممانە. بەبێ ئەم پێشهاتە، ئەستەمە پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەردەوام بێت."
 
دەقی قسەکانی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە 
 
بەڵام، بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە کرداری، پێویستە ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت؛ رێبەر ئاپۆ سەرکردایەتیی تەواوی پرۆسەکە بکات، هەمواری دەستووری بکرێت، هەمواری یاسایی جێبەجێ بکرێت و رێوشوێن و چاکسازیی یاسایی جیدی ئەنجام بدرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، بڕیاری وازهێنانی تەواوی لە خەباتی چەکداری و بەردەوامیدان بە تێکۆشان بۆ ئازادی و دیموکراسی لەسەر زەوینەی سیاسەتی دیموکراسی و یاسا درا.
 
پێویستە دەوڵەتی تورکیا مافی سیاسەتی دیموکراسیمان پێ ببەخشێت. پێویستە مافی رێکخستنی ئازادمان لە تورکیا و باکووری کوردستان هەبێت. بە واتایەکی دیکە، دەبێت بتوانین بە ئازادی بەشداری لە سیاسەتی دیموکراسیدا بکەین و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی لە باکووری کوردستان و تورکیا رێکبخەین.
 
 
ئەمە هەنگاوێکی سیمبوولییە. کاتێک دەوڵەتی تورکیا بە ئەنجامدانی چەند رێکخستنێک لە بوارە یاسایی و دەستوورییەکاندا هەنگاوی کرداری دەنێت، پرۆسەکە بە شێوەیەکی سرووشتی لە زەوینەی ململانێ و خەباتی چەکداری بە تەواوی دوور دەکەوێتەوە و دەگوازێتەوە بۆ زەوینەی سیاسەتی دیموکراسی و یاسا.
 
بۆ ئەمە، یاسایەک پێویستە. یاسایەک پێویستە، واتە یاساکانی ئازادی پێویستن. دەبێت یاسایەک دەربکرێت. دەبێت پرۆسەکە بە رێکاری یاسایی و دەستووری بەڕێوەبچێت. دەبێت چاکسازیی یاسایی زۆر قووڵ و جیدی پەرەی پێبدرێت.
 
وەک هەنگاوێکی کرداری، رێبەر ئاپۆ ماوەی 26 یان 27 ساڵە لەژێر گۆشەگیری و دوورەپەرێزی تووندایە. گۆشەگیری و دوورەپەرێزی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی وەک ئەشکەنجە پێناسە دەکرێن؛ تاوانە، تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە. ئێستا پێویستە ئەمە دەستبەجێ هەڵبوەشێتەوە. دەبێ سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری لە ئیمراڵی نەمێنێ. پێویستە کۆتایی بێت. دەبێت رێبەر ئاپۆ ئازادیی خۆی بەدەست بهێنێت.
 
بۆ ئەوەی ئێمە بەشداری لە سیاسەتی دیموکراسیدا بکەین، بە ئازادی رێکخستن بکەین و خۆگونجاندن و تێكەڵبوونی دیموکراسی لەگەڵ تورکیادا بەدەستبهێنین، پێویستە بە ئازادی بچینەوە تورکیا، بە ئازادانە و بە ناسنامەی خۆمانەوە سیاسەتی دیموکراسی بکەین، هەوڵەکان بۆ رێکخستنی دیموکراسی پەرەپێبدەین و لەم بارەیەوە یاسا دەربکرێت.
 
دەمانەوێت کۆمەڵگە بە شێوەیەکی دیموکراسی رێکبخەین و کاری کۆمەڵایەتی بکەین. بۆ ئەمە، فەرموون، یاسایەک دەربکەن، گۆڕانکاریی دەستووری بکەن. ئەگەر ئێوە ئەمانە بکەن، ئێمە دێین و لە تورکیا کار دەکەین.
 
لەو کاتەوەی پرۆسەکە لەگەڵ تورکیا پەرەی سەندووە، شتێک وەک ئاساییبوونەوە و نەرمی نواندن روویداوە. دەتوانین وا بڵێین؟ رەنگە نا، بەڵام هێوربوونەوەیەکی دیاریکراو هەیە. ئێستا، دانوستاندنەکان لەگەڵ دیمەشق دەستی پێکردووە و هێرشەکان وەستاون.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.