رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان چەکدانانی پەکەکە و پڕۆسەی چارەسەری بە ''چارەنووسساز'' دەزانێت و دەڵێت، ''ئەگەر 100 ساڵیش شەڕ بەردەوام بێت، لە کۆتاییدا دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن.''
ئەمڕۆ هەینی 11-07-2025، بەشێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە باشووری کوردستان چەکەکانیان دادەنێن. ژمارەیەکی زۆر کەسایەتیی کوردستانی، نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتیی سیاسیی بیانی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبن.
عوسمان کاروانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان یەکێک لەو کەسانەیە کە بە نوێنەرایەتیی حیزبەکەی بەشداریی رێوڕەسمی چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلا دەکات کە وەک ''پیشاندانی نیازپاکی'' بۆ بەرەوپێشدبردنی پڕۆسەی چارەسەری بەڕێوەدەچێت.
عوسمان کاروانی بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئێمە پڕۆسەکە بە چارەنووسساز دەزانین، قەناعەتی تەواومان پێی هەیە و پێمانوایە ئەمە ئەنجامی هەموو شەڕ و پێکدادانێکە. ئەگەر 100 ساڵیش شەڕ بکەیت، لە ئەنجامدا دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن.''
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوویی ئیسلامی لەبارەی رۆڵی حیزبەکەی لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکەدا گوتی، ''هەر لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا رۆڵی زۆر باشمان هەبووە، بە هەموو جۆرێک هەوڵی جدیمان داوە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەرەوپێشچوونێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت.''
هەرێمی کوردستان یەکێک لە سەرەکیترین لایەنەکانی هاوکار و هاندەر بووە، بۆ پێشخستنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان. عوسمان کاروانی جەختی لەوە کردەوە، ''هەرێمی کوردستان پاڵپشت بووە بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات.''
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، 33 بۆ 44 گەریلا لە رێوڕەسمەکە چەک دادەنێن.
دوای چەند سەردانێکی شاندی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی، رێبەری پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
لەسەر ئەو داوایەی ئۆجەلان، پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی ئایار 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی میلـلی تورکیا و ژمارەیەک لە پارتەکانی تورکیا پێشوازییان لە بانگەوازی ئۆجەلان کرد و پرۆسەکە پێی نایە قۆناخێکی نوێ و بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ