رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی بۆ رووداو، بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی رابردووی نێوان تورکیا و پەکەکەوە، هەزار و 190 گوند لە باشووری کوردستان چۆڵکراون، یان مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە، یان نەتوانراوە ئاوەدان بکرێنەوە.
بەگوێرەی ئامارەکە کە ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداو دراوە، زۆرترین گوند کە زیانی بەرکەوتبێ لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە کە 527 گوندە، پاشان هەولێر، 415 گوند، سلێمانی 233 گوند و نەینەوا (سنووری شنگال) 15 گوند.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی رێکخراوی سی پی تی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو گوندانەی بەهۆی هێرش و بۆردوومانی تورکیاوە بە تەواوی چۆڵکراون، ژمارەیان 183 گوندە".
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، کە ئەرکیان رووماڵ و تۆمارکردنی بۆردوومان و هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانە، بەهۆی شەڕەوە بەگوێرەی پارێزگاکان زۆرترین گوند لە پارێزگای دهۆک چۆڵ بوون، پاشان هەولێر، سلێمانی و نەینەوا.
چۆڵبوونی گوندەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە بووە:
دهۆک: 107 گوند
هەولێر: 65 گوند
سلێمانی: 8 گوند
نەینەوا: 3 گوند
کامەران عوسمان گوتی: "602 گوندی دیکە مەترسی چۆڵبوونی تەواوەتییان لەسەرە، کە پێشتر زۆر ئاوەدان بوون، بەڵام بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی سوپای تورکیاوە بەشێکی زۆری گوندنشینەکانی چۆڵیان کردووە و بەشێکی کەمیان ماونەتەوە".
ئەو گوندانەی مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە بەگوێرەی پارێزگاکان ئەمانەن:
دهۆک: 225 گوند
هەولێر: 188 گوند
سلێمانی: 182 گوند
نەینەوا: 7 گوند
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، 405 گوندی دیکە هەن، کە پێشتر بەهۆی پڕۆسەی ئەنفال، شەڕی پێشمەرگە و دەسەڵاتی پێشووی بەعسی عێراق و شەڕی داعش چۆڵ بوون، بەڵام "بەهۆی بۆردوومان و لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا، لە دوای کۆتاییهاتنی رژێمی بەعس و شەڕی داعش هاووڵاتییەکانیان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆسەر گوندەکانیان".
ئەو گوندانەش بەگوێرەی پارێزگاکان ئەمانەن:
دهۆک: 195 گوند
هەولێر: 162 گوند
سلێمانی: 43 گوند
نەینەوا: 5 گوند
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ