رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە لەکاتی بردنی بانگهێشتنامەی کردنەوەی نووسینگەی پەرلەمانتارێکی سەر بە رێکخراوی بەدر بۆ بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی، شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان بەرپرسی مەڵبەندەکە و ئەو کەسانەی بانگهێشتنامەکەیان بردووە دروستبوو، بەهۆیەوە گەنجێک برینداربوو. کەریم شکور دەڵێت، پیلانگێڕی بووە و لەو رووداوە ئەو کراوەتە ئامانج.
دوێنێ پێنجشەممە 10-08-2023، نووسینگەی راگەیاندنی کەریم شکور، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کە هاوکات بەرپرسی مەڵبەندی 16ـی حەمرینی یەکێتیشە لە خورماتوو، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، ''مەلا کەریم لە ھەوڵی تیرۆرکردن لەنێو بارەگای مەڵبەندی حەمرین رزگاری بوو.''
رووداوەکە کاتێک دروستبوو، دوو کەس کە چەکیان پێبووە، بە مەبەستی بانگهێشتکردنی بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خورماتوو بۆ کردنەوەی نووسینگەی پەرلەمانتار مەهدی تەقی لە گەڕەکی کۆماریی شارەکە سەردانی مەڵبەندەکەیان کرد و نامەی بانگهێشتیان لە بەردەم دەرگە بە کەریم شکور دا، دواتر لە ئەنجامی دروستبوونی گرژییەک و تەقەکردن، یەکێک لەو دوو کەسە بریندار بوو.
کەریم شکور، لەبارەی چۆنێتیی رووداوەکە بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''لە ئاکامی ئەوەی نامەی بانگهێشتیان هێنابوو، هەندێک قسە لە نێوانماندا هاتە ئاراوە، یەکسەر یەکێکیان چووە دواوە و دەمانچەیەکی راکێشا و سێ یان چوار گوللەی بە ئاراستەی من تەقاند.''
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، رووداوی تەقەکردنەکە دەستێکی ''پیلانگێڕی'' لەپشتە و ''ئەوەی کە روویدا بە روونی ئاگادار بوون کە کەی لە مەڵبەند دادەبەزم، کەی دێمە خوارەوە و لە چوونەژوورەوەدا یەخەی منیان گرت.''
وەک کەریم شکور گوتی، لە کاتی رووداوەکە زیاتر لە 40 کەس لە مەڵبەند شاهێدحاڵی رووداوەکە بوون، ''دوای ئەوەی منیان هێنایە ژوورەوە، هەندێک تەقەی دیکە کرا و بیستم کە یەکێک لەو دوو کەسە بریندار بووە.''
ئەو دوو کەسەی کە نامەی بانگهێشتیان بۆ مەڵبەندەکە بردووە کوردن. محەممەد عەریف گلی، لێپرسراوی نووسینگەکە کە کوڕەکەی بریندارە بە رووداوی راگەیاند، دەنگۆیەک بڵاوکراوتەوە لەبارەی ئەوەی ئەوان هێز بۆ حەشدی شەعبی دروست دەکەن، بەڵام "رەتی دەکەینەوە هێزی حەشدمان هەبێت، پروپاگەندەیە.. بەڵام ئەگەر خەڵک داوای ئەوە بکەن لە داهاتوودا ئێمەش بە نووسراو بەرزی دەکەینەوە."
لەبارەی ئەوەی بۆچی نووسینگەی هێزێکی کوردییان نەکردووەتەوە، ئەو بەرپرسە گوتی، "ئەو پەرلەمانتارە [کەریم شکور] لە دەنگەکانمان بێ منەت بووە و ئێمە وا هەستدەکەین بەمشێوەیە زیاتر خزمەتی شارەکەمان دەکەین."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا تەندروستیی بریندارەکە جێگیرە و پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و رێکارە یاسایییەکان گیراونەتەبەر.
کەریم شکور گوتیشی، ''لە سەرەتاوە ئەو کەسە تەقەی لە من کردووە و منی کردووەتە ئامانج، بەڵام وەکو نیازپاکی یەکێک لە پاسەوانەکانم رادەست کردووە و هەوڵم داوە خەڵک بنێرمە ماڵی بریندارەکە.''
رووداو ڤیدیۆی کامێرای چاودێریی دەستکەوتووە کە کاتی رووداوەکە دەردەخات، ئەو دوو کەسە بانگهێشتنامەکە دەدەنە دەست مەلا کەریم، ئەویش دەیخوێنێتەوە و لەبەرچاویان دەیدڕێنێت، پاشان دەمەقاڵێ دروست دەبێت و تەقە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ