رووداو دیجیتاڵ
کچە وەرزشڤانێکی کورد لە خوڕمئاوای سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ تووندوتیژی بە ساڵێک بەندکردن سزا درا.
دادگەی خوڕمئاوا بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ تووندوتیژی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەر مەعسومە سولەیمانی، یاریزان و راهێنەری زۆرانبازیدا سەپاند.
مەعسومە سولەیمانی 10ـی ئایاری 2023، لە خوڕمئاوای ناوەندی پارێزگای لوڕستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەو پێشتریش لە میانەی ناڕەزاییەکانی ساڵی 2019ی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستبەسەر کرابوو و دوای ماوەیەک ئازاد کرا. هەروەها ساڵی 2016 بە یەک ساڵ بێبەشبوون لە چالاکی وەرزشی سزا دراوە.
مەعسومە سولەیمانی ساڵی 2010 لە پاڵەوانێتیی جیهانی زۆرانبازی ژنان لە کازاخستان پلەی سێیەم و مەدالیای بڕۆنزی بەدەستهێناوە. لەم ساڵانەی دواییشدا زیاتر وەکو راهێنەر و نێوبژیوانی یارییەکانی زۆرانبازی و جۆدۆی ژنان چالاکی هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ