رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کارەبای نیشتمانی لە عێراق کوژایەوە. بریکارێکی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، کێشە لە هێڵێکی گواستنەوەی نێوان بابل و موسەیەب هەبووە کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی دیکەش هەبووە.
دانیاڵ عەبدوڵڵا عەزیز، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای کەرکووک، ئەمڕۆ 11ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"لە کەرکووک و تەواوی عێراق کارەبای نیشتمانی کوژاوەتەوە. تاوەکو ئێستا هۆکاری کوژانەوەکە نازانین و تیمەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن".
لەدوای رووداوەکە عادل کەریم، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە بە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " کێشەی تەکنیکی لە هێڵێکی گواستنەوەی نێوان بابل و موسەیەب هەبووە، کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی دیکەش هەبووە."
لەبارەی چارەسەری کێشەکە ئەو راوێژکارە گوتی: "ئێستا تیمە تەکنیکییەکان خەریکی چاککردنەوەن، لە چەند کاژێرێکی داهاتوو سیستمەکە ئاسایی دەبێتەوە."
هاوکات، محەممەد نووری عەبد رەبە، سەرۆکی لیژنەی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق، لە پۆستێکی فەیسبووکدا رایگەیاند، کوژانەوەی تەواوەتیی سیستمی کارەبا بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە بووە لە هێڵەکانی گواستنەوەی وزەدا.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رۆژی 29ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بەرهەمی ئێستایان 26 هەزار مێگاوات کارەبایە، لەکاتێکدا خواست لەسەر کارەبا54 مێگاوات کارەبایە، ئەمەش واتای ئەوەیە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان بەرهەمی بەدەستهاتوو و خواست هەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، گرێبەستی عێراق لەگەڵ ئێران بۆ وەرگرتنی 55 ملیۆن مەتر سێجا گازە رۆژانە، بەڵام ئێستا تەنیا 22 ملیۆن وەردەگرێت. هەروەها رایگەیاند، هاوردەکردنی کارەبا راستەوخۆ لە ئێرانەوە بەهۆی سزاكانەوە "بەتەواوی وەستاوە"، بەڵام عێراق رۆژانە لەنێوان 1100 بۆ 1200 مێگاوات کارەبا لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان دەکڕێت.
بە گوتەی ئەحمەد موسا، کەمبوونەوەی کارەبا زیاتر کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی بەغدا، دیالە و ناوچەی فوراتی ناوەڕاست داناوە، چونکە پشتیان بە گازی ئێران بەستبوو.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، هۆکارێکی دیکەی کێشەکانی کارەبا بۆ پەسندنەکردنی بودجەی 2024 و 2025 گەڕاندەوە و گوتی، وەزارەتەکەیان هیچ بودجەیەکی بۆ پڕۆژەی نوێ وەرنەگرتووە و بە سیستمی "یەک لەسەر دوازدە" [خەرجی کرداری] کاردەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ