رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێت، "وشکەساڵی کاریگەریی لەسەر هەنجیری ئاکرێ کردووە و بەرهەمی هەنجیر ئەم ساڵ کەم بووە، بەو هۆیەوە نرخەکەشی گران بووە."
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، ئەندازیار فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تائێستا بڕی بەرهەم دیار نییە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە، ئەم ساڵ بەراورد بە پار زیاتر لە تۆنێک هەنجیر کەمترمان دەبێت، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر نرخەکەی هەبووە لە بازاڕەکاندا."
هەنجیری ئاکرێ بەهۆی شیرینی و ناسکییەکەی، ناوبانگێکی زۆری هەیە و لە تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق خواستێکی زۆری لەسەرە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ گوتی: "ساڵانە بەشێکی زۆری هەنجیر دەنێردرێتە هەموو پارێزگاکانی عێراق، ئەم ساڵیش بەشێکی بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق و موسڵ نێردراوە."
پار 250 هەزار داری هەنجیر لە ئاکرێ چێندرابوون. ئەندازیار فازڵ مستەفا دەڵێت: "ئەم ساڵیش نزیکەی 250 هەزارمان چاندووە، بەڵام کەمبوونەوەی بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاو و وشکەساڵییە."
زۆربەی باخە هەنجیرەکانی ئاکرێ بە ئاوی کانیاوەکان ئاو دەدرێن و مادەی کیمیایی لە بەرهەمهێنانیاندا بەکارناهێندرێت.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ گوتی: "ساڵی 2023 زیاتر لە 5 هەزار تۆن بەرهەمی هەنجیرمان هەبوو، پار نزیکەی حەوت هەزار تۆن بووە، بەڵام ئەم ساڵ کەم دەبێتەوە و پێشبینی دەکەین 5 بۆ 6 هەزار تۆن بەرهەممان هەبێت."
لەبارەی نرخی هەنجیر، ئەندازیار فازڵ مستەفا گوتی: "سەرەتای پێگەیشتنی بەرهەمەکە نرخی کیلۆیەک 10 هەزار دینار بوو، ئێستا نرخی 6 هەزار دینارە و دانەبەزیوە، لە کاتێکدا پار هەمان کات بە نزیکەی دوو هەزار و 500 دینار بووە؛ واتە نرخەکەی دوو هێندە زیادی کردووە."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ، رووبەری چێنراو بە هەنجیر لە سنووری قەزاکەدا لەنێوان هەزار و 500 بۆ دوو هەزار دۆنمە.
ئاکرێ لە رووی کشتوکاڵییەوە دەوڵەمەندە و بەرهەمەکانی وەکو هەنجیر، سماق و برنجی کوردی لە بەرهەمە گرنگەکانییەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ