رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەرپرسانی عێراق، وشکەساڵیی ئەم ساڵ لە خراپترین ئاستدایە. بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێرزەویی عێراق دەڵێت، پێنج ملیار یەدەگی ئاوی ژێرزەوییان هەیە و بڕی بارانبارینیش یارمەتیدەر نییە بۆئەوەی زیاتر بێ یان لە ئاستێکی جێگیر بمێنێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئابی 2025، د. مەیسەم عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێرزەوی لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی توێژینەوە ستراتیژییەکان، پێنج ملیار مەتر سێجا یەدەگی ئاوی ژێرزەویی نوێبووەوەمان هەیە. لەو بڕەش 2.5 ملیاری لە هەرێمی کوردستانە. بڕەکە لە پارێزگاکانی باشوور و رۆژئاوا لە 900 ملیۆن لیتر سێجا تێناپەڕێت، لە کاتێکدا ئێمە ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن مەتر سێجای لێدەردەهێنین."
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێرزەویی عێراق گوتی، "هێشتنەوەی ئەو ئاوە لە ئاستێکی جێگیردا لاوازە. لە پێنج ساڵی رابردووشدا بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی زیادبووە؛ کەم بارانیش وایکردووە نەخشەی ناوچەکانی پشتبەستوو بە ئاوی باران بگۆڕدرێت."
د. مەیسەم نموونەیەکی لە گۆڕانی نەخشەی ناوچەکانی پشتبەستوو بە ئاوی باران هێنایەوە و گوتی، "لە پارێزگای کەرکووکەوە بەرەو هەولێر، بە درێژایی 900 کیلۆمەتر و بە پانی 450 کیلۆمەتر؛ جووتیار و باخەوانانی ئەو سنوورە پێشتر پشتیان بە ئاوی باران دەبەست بۆ کشتوکاڵ و باخ، بەڵام ئێستا پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن. لە سەلاحەدین و نەینەواش بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکانەوە پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەسترێت."
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێرزەوی عێراق دەڵێت، لە پێنج ساڵی رابردوودا رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگاکانی باشوور و رۆژئاوا تەنیا چەند هەزار دۆنمێک بوو، بەڵام ئێستا لە هەر پارێزگایەک نزیکەی 200 هەزار دۆنم چاندنی تێدا دەکرێت، ئەمەش قورسایی زیاتری خستووەتە سەر ئاوی ژێرزەوی.
د. مەیسەم ئاماژەی بەوەش کرد، "لە سنوورەکانی شنگال، گوێڕ، شێخان و مەخموور، ئەو شوێنانەی کە ئاوی ژێرزەوییان هاوبەشە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە پێنج ساڵی رابردوودا ئاوی ژێرزەوییان لەنێوان 30 بۆ 40 مەتر دابەزیوە، لە پردێ و لەیلانیش نزیکەی 30 مەتر دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێرزەوی، لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکە بە تێکڕایی لە پێنج ساڵی رابردوودا ئاوی ژێرزەوی "لە نێوان دوو بۆ هەشت مەتر" دابەزیوە. دەشڵێت، "ئەم پێوانەکردنە لە رێگەی لێدانی بیری تایبەت و دانانی ئامێری تەکنەلۆژی پێشکەوتوو دەکرێت."
کێشەی کەمئاوی ساڵانێکە بەرۆکی عێراقی گرتووە. عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو رۆژی 4ی ئەم مانگە رایگەیاند، "ساڵی 2025 بە یەکێک لە سەختترین ساڵەکان دادەنرێ کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە لەڕووی ئاوەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی کەمبوونەوەی ئاوی هاتوو لە وڵاتانی سەرچاوەوە، لە سەرووی هەموویانەوە تورکیا، سەرباری زیادبوونی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە بووەتەهۆی زیادبوونی وشکەساڵی لە زۆربەی ناوچەکانی عێراقدا."
رۆژی شەممەش سەڵاح حاج، نوێنەری رێکخراوی فاو لە عێراق بە رووداوی گوت، "وشکەساڵیی ئەم ساڵ لە خراپترین ئاستدایە کە لە ساڵی 1933ـەوە عێراق بەخۆیەوە بینیبێتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ