مامۆستایەکی زانکۆ: بازاڕ 80%ـی جووڵەی لەدەستداوە

11-08-2025
پەیمان محەممەد
 بەشیر یوسف، مامۆستای زانکۆی دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو
بەشیر یوسف، مامۆستای زانکۆی دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی زانکۆی دهۆک دەڵێت، بەهۆی نەهاتنی مووچەوە، بازاڕ لە هەرێمی کوردستان 80%ـی جووڵەی خۆی لەدەستداوە. دەشڵێت، ''بۆ دەربازبوون لە قەیران، پێویستە مووچەخۆران بەدوای سەرچاوەی دووەمی داهاتەوە بن.''
 
رۆژی دووشەممە، 11-08-2025، بەشیر یوسف، مامۆستای زانکۆی دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخێزر پێشکێشیکرد، لەبارەی کاریگەریی نەهاتنی مووچە لەسەر بازاڕ رایگەیاند، ''ملیۆنێک و 257 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن و دواخرانی مووچەکانیان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر جووڵەی بازاڕ دەبێت.''
 
بەشیر یوسف ئاماژەی بەوە کرد، لاوازبوونی جووڵەی بازاڕ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و ''زۆربەی شوێنەکانی کار ناچار دەبن کرێکارەکانیان دەربکەن. بۆیە نەبوونی مووچە وەک ئیفلیجییە بۆ ئابووریی هەر وڵاتێک و ئەگەر چارەسەر نەکرێت، کاریگەرییەکانی رۆژ بە رۆژ زیاتر دەردەکەون.''
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بە دابەزینی هێزی کڕین لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ''هێزی کڕین لە دۆخێکی هاوشێوەی ئێستا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، چونکە ئەو داهاتە زۆرەی لە رێگەی مووچەوە دەهاتە نێو بازاڕەکانەوە، ئێستا نەماوە.''
 
لەکاتێکدا 11 رۆژ لە مانگی ئاب تێپەڕیوە، هێشتا مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، بەشیر یوسف پێیوایە، ''تەنانەت ئەگەر مووچەش بێت، خەڵک لەمەودوا بەو شێوەیە بیر دەکەنەوە کە ئەم مووچەیە جگە لە پێداویستییە سەرەکییەکان، نابێ هیچ کەلوپەلێکی دیکەی پێ بکڕن، چونکە ترسی ئەوەیان هەیە مووچەی مانگەکانی داهاتووش دوابخرێن، بۆیە 80٪ـی جووڵە و قەرەباڵخیی بازار دابەزیوە.''
 
''دەبێ مووچەخۆران بەدوای سەرچاوەی دووەمی داهاتەوە بن''
 
بە گوتەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی نەهاتنی مووچە، پێویستە مووچەخۆران بەدوای سەرچاوەی دووەمی داهاتدا بگەڕێن، ''چونکە بێگومان گرفتی مووچە بۆ ساڵێک یان دوو ساڵ نەبووە، بەڵکو لە 2014ـوە بە شێوەیەکی رێکخراو نەدراوە.''
 
بەشیر یوسف وەکو سەرچاوەی دووەمی داهات ئاماژە بە کارکردن لە کەرتەکانی بازرگانی، پیشەسازی، گەشتیاری و کشتوکاڵ دەکات و دەڵێت، ''خەڵک لەمەودوا بەرەو کەرتی تایبەت دەچن و پێموایە لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، ئەمە باشترین دەرفەتە.''
 
چارەنووسی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە بە رادەستکردنی نەوتەوە گرێ دراوە، کە تاوەکو ئێستا لەبارەیەوە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ کۆمپانیاکان نەکراوە.
 
بە گوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، بەربەستی سەرەکیی بەردەم ناردنی مووچە، رادەستنەکردنی نەوتە، ئەگەرچى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە 30ى تەممووز بڕیاری دا نەوت بۆ هەناردە رادەست بکات.
 
دوێنێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تێیدا باسی پرسی مووچە و نەوتی هەرێمی کوردستان نەکرا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.